هاتووچۆی سلێمانی: چارەنووسی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان نادیارە و 'سەرپێچییەکانیان تۆمار دەکرێت'
بەڕێوەبەری هاتووچۆی رۆژئاوای سلێمانی رایگەیاند، ئەم ساڵ بەراورد بە پار و پێرار تۆماركردنی ئۆتۆمبێلی نوێ لە سلێمانی 100% زیادی كردووە. دەشڵێت، سەرپێچیی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكان تۆمار دەكەن و وەك دۆسیەیەک هەڵیدەگرن.

بەهمەن ئەحمەد، بەڕێوەبەری هاتووچۆی رۆژئاوای سلێمانی لە پۆدكاستی (بە كاتی سلێمانی) لە رادیۆی رووداو رایگەیاند، تۆماركردنی ئۆتۆمبێلی نوێ لە سلێمانی بەردەوام لە زیادبووندایە، "تەنیا لە مانگی یەكی 2024دا زیاتر لە 3500 ئۆتۆمبێلی نوێ تۆمار كرابوون، بەڵام لە مانگی یەكی ئەم ساڵدا تۆماركردنی ئۆتۆمبێلی نوێ بەرزبووەتەوە بۆ زیاتر لە 6700 ئۆتۆمبێل، واتە تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل 100% زیاد بووە." سەبارەت بە تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا، بەڕێوەبەری هاتووچۆی رۆژئاوای سلێمانی گوتی، "هێشتا چارەنووسیان نادیارە، بەڵام سەرپێچییەكانیان وەكو هەر ئۆتۆمبێلێكی ئاسایی تۆمار دەكرێت، بۆیان هەڵدەگیرێت و دەخرێتە فایلەوە، ئەگەر سەرپێچییەكەش گەورە بوو دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت." دوای دانانی چەند کامێرایەکی جێگیر، ئێستا کەمتر کامێرای گەڕۆکی تۆمارکردنی سەرپێچیی هاتووچۆ لەسەر شەقام و رێگەکانی سلێمانی دەبیندرێن. عەقید بەهمەن ئەحمەد گوتی، "كامێرا گەڕۆكە كۆنەكان هەموویان ماوەی كاركردنیان تەواو بووە و لابراون، بەڵام بڕیارە كامێرای نوێمان بۆ بێت بە كامێرای گەڕۆك و جێگریشەوە، لە چەند شوێنێكی دیكەی سلێمانی دایاندەنێین، بەتایبەت ئەو شوێنانەی هەست دەكەین رووداوی هاتووچۆ تێیاندا زۆر بووە." هەرچەندە بەشێک لە بەرپرسانی هاتووچۆ دەڵێن، کامێرا جێگیرەکان بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ، بەڵام بەڕێوەبەری هاتووچۆی رۆژئاوای سلێمانی قسەیەکی دیکەی هەیە. عەقید بەهمەن گوتی، "لە مانگی یەكی 2024دا لە سلێمانی 79 رووداو تۆمار كراون، كە بەهۆیانەوە 250 كەس بریندار بوون و حەوت كەسیش گیانیان لەدەستداوە، بەڵام لە مانگی یەكی 2025دا 82 رووداو روویانداوە، 235 كەس بریندار بوون و 10 کەسیش گیانیان لەدەستداوە." بەڕێوەبەری هاتووچۆی رۆژئاوای سلێمانی ئاماژەی بەوەش دا، بەپێی رێنوێنیی نوێی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، دەبێت سەرجەم ئەو ماتۆڕسكیلانەی لە كۆمپانیا و خواردنگەكان كار دەكەن، دووبارە سەرژمێری و تۆمار بكرێنەوە. عەقید بەهمەن گوتی، "دەبێت شۆفێرەكانیان مۆڵەتی ماتۆڕسكیلیان هەبێت، پێداویستییەكانی خۆپاراستن بە تەواوەتی بەكاربهێنن. ئەوانی دیكەش كە دەمێنێتەوە، بە هەمان شێوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، ئێستا هەنگاو بە هەنگاو ئەو رێنوێنییە نوێیە جێبەجێ دەكرێت." عەقید بەهمەن رەتیکردەوە لێکۆڵینەوە لەگەڵ ماتۆڕسوارەکان نەکرێت و گوتی، "پار بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنوێنییەکان، دەستمان بەسەر 301 ماتۆڕسکیلدا گرتووە."
سەرچاوە: ڕووداو