نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى سه‌رۆكى ڕووسيا كۆبوویەوە
نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 2025/2/6 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیی له به‌ڕێز ميخائيل بوگدانۆڤ نوێنه‌رى تايبه‌تى سه‌رۆكى ڕووسيا و جێگرى وه‌زيرى ده‌ره‌وه و شاندێكى ياوه‌رى كرد.
![نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى سه‌رۆكى ڕووسيا كۆبوویەوە](https://pressin.info/uploads/images/202502/image_870x_67a4bc05222d8.jpg)
له كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا، بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانى ڕووسيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، وه‌به‌رهێنانى ڕووسى له هه‌رێمى كوردستان، دۆخى سووريا و دوايين پێشهاته‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوهڕاستيان تاوتوێ كرد. سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى وێڕاى جه‌ختكردنه‌وه له خواستى هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌ره‌وپێشبردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ ڕووسيا، ئاماژه‌ى به ئاماده‌يى و ڕۆڵى كۆمپانيا ڕووسييهكان له هه‌رێمى كوردستان به‌تايبه‌تى له بوارى هاريكاريى وزه‌دا كرد. هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانينى بۆ ڕووسيا دووپات كرده‌وه كه له كاته سه‌خته‌كاندا، يارمه‌تيى هه‌رێمى كوردستانى داوه. هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى له عێراق و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، هه‌روه‌ها باسيان له ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان و هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانى حكوومه‌تى داهاتووى هه‌رێمى كوردستان كرد. ده‌رباره‌ى دۆخى سوورياش پشتيوانيى خۆيان بۆ ئارامى و سه‌قامگيرى له وڵاته‌كه ده‌ربڕى و جه‌ختيان له پاراستنى مافه‌كانى كورد و ته‌واوى پێكهاته‌كان له سووريا كرده‌وه. هه‌ر له‌مباره‌يه‌وه تیشكيان خسته سه‌ر هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسييه‌كانى داعش له عێراق و سووريا و داكۆكييان له گرنگيى ڕێگرتن له سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى كرد. په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى ناوچه‌كه و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو که به‌ڕێز باڵیۆزی ڕووسیا له عێراق و ژماره‌یه‌ک له به‌رپرسان ئاماده‌ی بوون.