بەرپرسێکی پەکەکە دەڵێت، کەس چاوەڕێی رێوڕەسمێکی دیکەی چەکدانان نەکات

بەرپرسێکی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە دەڵێت، بەکارهێنانی دەستەواژەی "تورکیای بێ تیرۆر" لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بۆ پرۆسەی چارەسەری رەتدەکەنەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، با هیچ کەسێک چاوەڕێی رێوڕەسمێکی دیکەی چەکدانانی گەریلاکانیان نەکات.

تەمووزی 23, 2025 - 13:31
بەرپرسێکی پەکەکە دەڵێت، کەس چاوەڕێی رێوڕەسمێکی دیکەی چەکدانان نەکات

هێلین ئومیت، کە یەکێکە لە بەرپرسانی پەکەکە، لە هەڤپەیڤینێکدا دەڵێت، بەکارهێنانی دەستەواژەی "تورکیای بێ تیرۆر" لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بۆ پرۆسەی چارەسەری رەتدەکەنەوە. گوتیشی، ئەو دەستەواژەیە گومانی زیاتر لەبارەی سەرخستنی پرۆسەکە دروستدەکات. بڕیارە لە داهاتوودا لیژنەیەک بۆ سەرخستنی پرۆسەکە لە پەرلەمانی تورکیا پێکبهێندرێت.

 ئومیت ئاماژەی بەوە کردووە، دەبێت ئەو لیژنەیە کار بۆ ئەوە بکات، لە چوارچێوەی یاسادا مافی سیاسەتکردن لە تورکیا بە گەریلاکانی پەکەکە بدرێت، "ئەگەر ئەمانە نەکرێن، ئەو هەنگاوانەی ئێمە ناومانن بەبا دەچن." ئەو بەرپرسەی پەکەکە گوتیشی، با کەس چاوەڕێی رێوڕەسمێکی دیکەی چەکدانانی گەریلاکان نەبێت، "پێویستیش ناکات، چ پێویست دەکات ئەم کارە بکرێتە نمایش. ئەو پەیامەی پێویست بوو، درا. ئەوەی پێویست بوو بگوترێت، گوترا و ئیرادە نیشاندرا. دوای ئەوەی هەڤاڵ بەسێ چەکەکەی دانا، کێ دەتوانێت بڵێت چەک لە دەستی ئەوانەیە کە لە شاخدان؟"

 بە بڕوای ئومیت، پرسی کورد کێشەی سەرەکیی تورکیایە، "ئەگەر ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت، تورکیا دەبێتە وڵاتێکی جوان. ئێمە دەبینە پشتیوانی ئەوانەی کە پرسی کورد چارەسەر دەکەن."

 ئەو گوتانەی ئومیت لە کاتێکدایە، رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک "نیازپاکییەک" چەکەکانیان سووتاند، کە بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) یەکێک بوو لەوان.

پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارەی تورکیا 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) دەستیپێکرد.

 بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.

 پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.

سەرچاوە: ڕووداو