عێراق بڕیار لە خەرجکردنی 591 ملیار دینار دەدات

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە، بڕیار لە خەرجکردنی زیاتر لە 590 ملیار دینار دەدات، زۆرینەی پارەکە بۆ وەزارەتی کارەبا و نێوخۆیە. هەروەها 9 ملیار دینار بۆ گواستنەوەی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن تەرخان دەکات.

ئاب 5, 2025 - 11:31
عێراق بڕیار لە خەرجکردنی 591 ملیار دینار دەدات

 ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە، بەرنامەی کار و پاشکۆی بەرنامەی کاری داناوە، بەرنامەکە لە 16 بڕگە و پاشکۆی کارنامەی کۆبوونەوەکەش لە شەش بڕگە پێکدێت.

 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە چوارچێوەی کارنامەی کۆبوونەوەکانیدا، پاکێجێکی دارایی گەورەی بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتە جیاجیاکان پەسند دەکات، کە کۆی گشتییەکەی پارەکەی دەگاتە زیاتر لە 277 ملیۆن دۆلار و 225 ملیار دیناری عێراقی. ئەمەش هاوتایە بە زیاتر لە 591 ملیار دینار.

کەرتی وزە پشکی شێری لەم تەرخانکراوانەدا بەرکەوتووە، بڕی 200 ملیۆن دۆلار بۆ دروستکردنی وێستگەیەکی گەورەی وزەی خۆر تەرخانکراوە، هاوکات، زیاتر لە 72 ملیۆن دۆلار بۆ نۆژەنکردنەوەی وێستگەی کارەبای دۆرە دانراوە بۆ بەهێزکردنی تۆڕی کارەبای نیشتمانی.

 لە بواری نەوتدا، بڕیار دەدرێت دەسەڵاتەکانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) زیاد بکرێت بۆ ئەوەی کاروباری گواستنەوەی نەوتیش بگرێتە ئەستۆ، ئەمەش توانای لۆجستیی عێراق لەم کەرتە گرنگەدا بەهێزتر دەکات.

جگە لە وزە، بڕێکی بەرچاو لە بودجەکە بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی دیکە تەرخان کراوە. زیاتر لە 215 ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی ئاو و ئاوەڕۆ لە پارێزگاکانی زیقار و بەسرە دانراوە.

هەروەها، بۆ بەهێزکردنی کەرتی ئاسایش، زیاتر لە 140 ملیار دینار تەرخانکراوە بۆ کڕینی ئامێری پێشکەوتوو بۆ بەرگریی شارستانی لەنێویاندا کڕینی 316 ئوتۆمبێل.

 بابەتێکی دیکە لە پاشکۆکە زیادکراوە، دابینکردنی نۆ ملیار دینارە بۆ گواستنەوەی زیارەتکاران لە کاتی زیارەتی چلەی ئیمام حوسێن.

سەرچاوە: ڕووداو