لەسەر تابلۆکانی مەزارگەی ئەحمەدی خانی زمانی کوردی 'پشتگوێ خراوە'

مەزارگەی هۆزانڤان و فەیلەسووفی كورد، ئەحمەدی خانی، لە شارۆچكەی بازیدی ئاگری رۆژانە پێشوازی لە سەدان كەس دەكات، بەڵام لەسەر مەزارگەكە و لە تابلۆ و نووسراوەكاندا، زمانی كوردی بە تەواوی فەرامۆش كراوە و هەموو زانیارییەكان تەنیا بە توركی و ئینگلیزین. شارەزایان و سەردانیكاران رەخنە لەو دۆخە دەگرن و بە "بێخاوەنی" ناوی دەبەن.

ئاب 4, 2025 - 22:08
لەسەر تابلۆکانی مەزارگەی ئەحمەدی خانی زمانی کوردی 'پشتگوێ خراوە'

مەزارگەی ئەحمەدی خانی، بیرمەندی ناوداری كورد لە شارۆچكەی بازیدی سەر بە پارێزگای ئاگری لە باكووری كوردستان، بووەتە شوێنێكی گرنگی گەشتیاری و رۆژانە سەدان گەشتیاری ناوخۆیی و بیانی سەردانی دەكەن. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، لە شوێنی بیرمەندێكدا كە بناخەی ئەدەب و هزری نەتەوەیی كوردی داڕشتووە، هیچ ئاسەوارێكی زمانی كوردی بەدی ناكرێت.

 لەسەر مەزارگە و مزگەوتەكەی، كە سەر بە سەرۆكایەتیی كاروباری ئایینیی توركیایە (دیانەت)، هەموو تابلۆ و نووسراوە زانیارییەكان تەنیا بە زمانەكانی توركی و ئینگلیزین. هیچ تابلۆیەكی زانیاری یان شیعرێكی ئەحمەدی خانی بە زمانی كوردی، كە زمانی دایكی خۆیەتی، بوونی نییە.

محەممەد یاردیمجی، نووسەر و مێژوونووس كە لێكۆڵینەوەی لەسەر ئەحمەدی خانی كردووە، پێی وایە دەوڵەت ناسنامەی كوردیی خانی فەرامۆش كردووە. یاردیمجی بە رووداوی گوت: "خانی لە جزیر، عێراق، ئێران، میسر و سووریا خوێندوویەتی. لە رێگەی شاکارەکەی، مەم و زین، بە شێوەیەکی هێمایی باسی لە ستەم و زۆرداریی سەر گەلی كورد كردووە."

 یاردیمجی هەروەها گوتی: "دەوڵەت لە بیر و بۆچوونەكانی خانی نیگەرانە. هەر بۆیە ناوەكەی بە توركی كردووە و نووسینە كوردییەكانی فەرامۆش كردووە. تەنانەت لەسەر گۆڕەكەشی هیچ شتێكی كوردی نابینیتەوە."

 "خانی بناخەی یەكێتیی كوردی داڕشت"

گولسەر یڵدرم، سیاسەتمەداری كورد، جەخت لەوە دەكاتەوە كە بیری ئەحمەدی خانی تاوەكو ئەمڕۆش رێپیشاندەرە و دەڵێت: "خانی بناخەی یەكێتیی نەتەوەیی لە هەر چوار پارچەی كوردستاندا داڕشت. لە بەرهەمەكانیدا بە ئاشكرا باسی لە ئازادی و ئاواتی یەكگرتنی كورد كردووە."

 لە هەمان چوارچێوەدا، رۆژی 26ی تەممووزی 2025، لە بازید "كۆنفرانسی یەكێتیی كورد" بەڕێوەچوو و بەیاننامەی كۆتایی كۆنفرانسەكە بە شێوەیەكی هێمایی لەسەر مەزاری ئەحمەدی خانی خوێندرایەوە.

حەسەن ئۆزگونەش، نووسەر و پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە، دەڵێت: "ئەگەر گەلی كورد یەكێتیی خۆی مسۆگەر بكردایە، دەیانتوانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كاریگەر بن. بانگەوازەكەی خانی هێشتاش بۆ ئێمە رێپیشاندەرە."

ناوەندێكی گرنگی گەشتیاریی ئایینی

خەڵكی ناوچەكە بەڕێزەوە ناوی دەبەن و بە "خانی بابا" بانگی دەكەن، مەزارگەكەشی بەردەوام گەشتیار بۆ لای خۆی رادەكێشێت، بەڵام وەك پێویست گرنگیی پێنەدراوە.

سەیفی باگلام، یەكێك لە دقوكاندارەكانی بازید، بۆ رووداو ئاخڤی: "ماوەی 25 ساڵە لێرە كار دەكەم. خەڵك لە ئەورووپاوە تا ژاپۆن دێنە ئێرە، بەڵام مەزارگەكە بێ خاوەنە. نە پاكوخاوێنی هەیە و نە چاودێری دەكرێت."

ئیسماعیل پۆڵات، دووکاندارێکی دیکەیە و گوتی، "زۆربەی ئەو دیارییانەی لامانە لە ئێران دروستكراون، چونكە لێرە هیچ پاڵپشتییەك نییە."

سەردانكاران: خانی كەسایەتییەكی پیرۆزە

سەردانیكاران رێزێكی زۆر بۆ ئەحمەدی خانی دادەنێن. حاجی مدیر، كە لە تەكیرداغەوە هاتووە، دەڵێت: "خانی بابا كەسایەتییەكی پیرۆزە. من بۆ زیارەتكردنی هاتووم." هاوكات موزەیەن، سەردانیکارێکی دیکەیە و دەڵێت: "هەرجارێك دێینە ئێرە، نزای بۆ دەكەین. خوا قبووڵی بكات."

 محەممەد بەیدۆگان، كە لە وانەوە هاتووە، رەخنەی تووندی هەیە و باس لەوە دەکات: "بەداخەوە لێرە كتێب و شیعرە كوردییەكانی نییە. ئەمە كەموكوڕییەكی گەورەیە."

 گرووپێكی گەشتیاری پۆڵەندیش سەردانی مەزارەكەیان كردبوو. ئیوا، سەرۆكی گرووپەكە، گوتی: "ئێمە لێرەین نەك تەنیا لەبەرئەوەی شوێنێكی ناسراوە، بەڵكو لەبەرئەوەی وزەیەكی زۆر تایبەتی هەیە."

 ئەحمەدی خانی كێیە؟

ئەحمەدی خانی لە ساڵی 1651 لەدایكبووە و نووسەری شاکارە مێژووییەکانی ئەدەبی كوردییە، وەك مەم و زین، نووبەهارا بچووكان و عەقیدەیا ئیمانێ. لە ساڵی 1707 كۆچی دوایی كردووە. سەتان ساڵ دوای خۆی، هێشتا گوتە بەناوبانگەكەی: "ئەگەر یەكێتی هەبووایە، رزگاریش دەبوو"، لە سیاسەتی كوردیدا بە بەردەوامی دووبارە دەكرێتەوە.

سەرچاوە: ڕووداو