نێچیرڤان بارزانی داڕێژەری هاوکێشە مۆدێرنەکان...

تەمووزی 13, 2025 - 09:36
نێچیرڤان بارزانی داڕێژەری هاوکێشە مۆدێرنەکان...

ڕوندک فارس

 دوای زیاتر لە 125 ساڵی ڕابردوودا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی وەک دیپلۆماتکارێکی جیهانی و سەرۆکێکی ئاشتیخواز، توانی لە ڕوانگە قوڵە ئابووری و ستراتیژەکانی، تەواوی نەخشەی ئابووریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕیت، گرنگە ئەو گۆڕانکاریە ستراتیژیە ناوبنێن "Transformation Diplomacy"، ئەم گۆڕانکاریە لە پرۆسەی چەکدانانی دوێنێ چەکدارانی پەکەکە و وتاری ئەمڕۆی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تازە تۆمارکرا.

ئەگەر چاوخشاندێک بە مێژووی ناوچەکەدا بکەین، ڕوون دەبێتەوە کە لە نێوان ساڵانی 1850 -1900ـدا، سیاسەتی ئابووری ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئێستا دابەش ببو بەسەر بەرژەوەندی و دەستەڵاتی عوسمانی و دەوڵەتی قاجارەکان، لێ لاوازی و داتەپینی ئەو دوو دەستەڵاتە ئابووری و باری کۆمەڵایەتی ناوچەکەی بەرەو لاوازیەکی زۆر ڕاپێچا، لەوکاتە بەدواوە دەستەڵاتی وڵاتە زلهێزە ئەورووپیەکان بە تەواوی چاویان بڕیە ناوچە چرە ئابووریەکانی ڕۆژئاوای ئاسیا.

 بەشداری کورد و ڕۆڵی لە ناوچەکەدا، هەڵبەز و دابەزینی زۆری بەخۆیەوە بینی، بەڵام ئەوە ڕاستیە و دەبێت بوترێت، کە ڕۆڵی کورد لە سیاسەتی ئابووریی ناوچەکە بەراورد بە ئەو سیاسەتەی ئێستا پێڕەوی دەکات بە رێژەی %100 تەواوی هاوکێشەکانی پێچەوانە کردۆتەوە و لە ئێستادا هەرێمی کوردستان فاکتەری سەرەکییە لە یەکلاکردنەوەی ستراتیژی ئابووری وڵاتە ڕۆژئاواییەکان و سەنگی مەحەکە لە داڕشتنەوەی سیاسەتی ئابووریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تازە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی وەک ئابووریزانێکی مۆدێرن توانی بناغەی ئەو دیدگا ئابووریەی کوردستان لە کابینەی پێنجەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە وردی دابڕێژێت.

سەرۆک چۆن ئەو کارەی کرد؟

لە ڕێکەوتی 29/10/2007 سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە ڕێوەڕەسمی کردنەوەی سێیەمین پێشانگای نێودەوڵەتی بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، وتارێکی مێژووی پێشکەشکرد، دەتوانین ئەو پەیامەی ئەوکاتەی سەرۆک، بە دەستپێکی لەدایک بوونی پرۆسەی ئاشتی ئەمڕۆ دابنێنن و هاوکات پەیامی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەو کاتەدا ، بنامەی سەرەکی گۆڕانکاری ستراتیژی ئابووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

 لەو پێشانگایەدا زیاتر لە 300 کۆمپانیای بیانی و لۆکاڵی بەشدار بوون، هەروەها بۆ یەکەمجار بوو لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 22 کۆمپانیای وڵاتانی ئەورووپا بەشداری پێشنگایەکی کوردستانی بکەن، خاڵی وەرچەرخانی ئەو مەراسیمە، هاوکاتی مەراسیمەکە بوو لەگەل هەڕەشەکانی هێرشی سوپای تورکیا بوو بۆسەر هەرێمی کوردستان، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو کاتەدا سوور بوو لەسەر بەشداری کۆمپانیایە تورکییەکان لە پێشانگاکەدا.

 سەرۆک لە پەیامەکەیدا ووتی"بڕوامان وایە پەیوەندیی ئابووری بنەمای بەهێز دابین دەکات بۆ پتەوکردنی پێوەندییە دوو قۆڵیەکان، ئاشکرایە ئەم پێشانگایە ڕۆڵێکی بەرچاو دەبینێت بۆ ڕێگە خۆشکردن، بۆ ئەو مەبەستە ومسۆگەرکردنی پەیوەندی پەرەسەندنی ئابووری، هەردەم پێمانوابووە کە پێوەندی ئابووری و بازرگانی، فاکتەری یاریدەدەرن بۆ بونیاتنانی پردی پێوەندی باش".

 ئەم پەیامەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە کاتێکی گرنگ و هەستیاردابوو، چونکە لەسەرەتایی دروستبوونی یەکەم کابینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992 تا ڕووخانی ڕژێمی سەدام لە 2003ـدا، بەهۆی گەماڕۆکانی سەر عێراق و سیاسەتە دیکتاتۆریەکانی ڕژێمی ئەوکات، هەرێمی کوردستان ژێرخانێکی ئابووری ئەوتۆی نەبوو، بەڵام لە کابینەی پێـنجەمەوە و بە تایبەت لەو پەیامەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانیدا، سیاسەتی ئابووری کوردستان داڕێژرا و سەرۆک بە دیپلۆماسییەکی ژیرانە بە جیهان وڵاتانی دراوسێی ڕاگەیاند " سیاسەتێکی ڕوونمان هەیە بۆ ئەوەی لە ئاشتیدا بژین، لە نێوان خۆماندا و لەگەڵ دەوروبەرماندا، پێمان خۆشە پێوەندیی دراوسێیەتی باشمان هەبێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێمان بە تایبەتی توورکیا" ئەم پەیامەی سەرۆک، فرە لایەن بوو، بەڵام دوو لایەنی سەرەکی پەیامەکە، کێشانی سەکۆی ئابووری کوردستان بوو لەسەر نەخشە تازەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوای ئەوەی چین بوو بە ئەندامی ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی WTO. و لەلایەکیتریش بەشداری پێکردنی کوردستان بوو لە پێوەندیە ئابووری و ستراتیژە مێژوویەکانی وڵاتانی ئەورووپا و تورکیا.

 داڕشتنی سیاسەتی ئابووری کوردستان هەناردەکردنی نەوتی کوردستانی لە 1/6/2009 لێکەوتەوە، ئەم رووداوە ساتێکی مێژووی بوو، چونکە دوای 125 ساڵ هەوڵی بەردەوامی خەباتی کورد و ڕزگاریخوازی کورد، کوردستان بوو بەشێک لە سیاسەتی ئابووری ناوچەکە و جیهان بە تایبەت لە بوونیاتنانی پێوەندی ئابووری هەرێمی کوردستان لە نێوان تورکیا وەک وڵاتێکی خاوەن جیۆپۆلەتیکی کاریگەر و وڵاتە ئەورووپەکان، وەک وڵاتە باڵادەستەکانی ئابووری جیهان. ئەم ڕووداوە مێژوویەکی هاوچەرخی لە خەباتی کوردستاندا تۆمارکردووە کاتی دەوێت بۆ ئەوەی توێژەران ڕاستی ڕووداوەکان بە ئەکادمی شرۆڤە بکەن،!!!

لێ ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە کە ئەم هەوڵانەی سەرۆکە ئابووریزانەکە، تەواوی ڕوانگە هەرێمی و نێودەوڵتییەکانی لە بارەی گرنگی پێگەی ئابووری هەرێمی کوردستان گۆرین و ئەم پرۆسە ئاشتیەی ئێستا وەک شەمەندەفەرێکی ئاشتی ئابووریە نەک بۆ کوردستان و تورکیا، بەڵک و بۆ تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

جگە لەوەی پێوەندیە ئابووریەی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی تورکیاوە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بە یاریزانی باڵای کۆی هاوکێشەکانی ئابووری ناوچەکە دادەنرێت، چونکە دوای بەهاری عەرەبی وڕووداوەکانی پۆست داعش، جگە لەوەی توانی پێوەندی نێوان کوردستان و وڵاتانی کەنداو دروست بکات، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بوو پێوەندیە گرژەکانی نێوان توورکیا و وڵاتانی کەنداو بە ئاشتی ئاسایی کردنەوە.

 ئەمە سیاسەتە فرە لایەنە کارێکی ئەستەمە بەڵام بوونی هزری قوڵی ئابووریناسی سەرۆک، توانی لەداڕشتنەوەی هاوکێشەکانی ڕۆژئاوایی ئاسیادا سەرۆک ببێت بە یاریزانی سەرەکی، چونکە ئەو ڕێککەوتنە هاوبەشەی نێوان ڕووسیا و کوردستان لە 2017ـدا، توانی کوردستان بکات بە سەنگی مەحەک، ئەگەر ئەو یارییە دیپلۆماسیە بکەین بە بنەما، دەتوانین لە ئێستادا بە ڕوونی شرۆڤەی کاریگەری پرسی ئاشتی کوردستان لە باکوور و ڕۆژئاوا و تەنانەت ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بکەین. لە بیرمان نەچێت ، ئەو هەوڵە دیپلۆماسیانەی کوردستان و سەرۆک، وڵاتەکەمانی کردووە بە کلیلی هاوکێشەی داڕێژراوەکان و لە ماویەکەی کورتدا گۆڕانکاری زێدەتریش دەبینین.