شاندی دەم پارتی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکەن
شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان- دەم پارتی بۆ دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، بەرەو دوورگەی ئیمراڵی بەڕێکەوتن.
ئەو شاندە، کە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 6ـی تەممووزی 2025 بەرەو دوورگەکە بەڕێکەوتن، پێکهاتووە لە هەریەک لە پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار پەرلەمانتارانی دەم پارتی و پارێزەر ئۆزگور فایەق ئەرۆل.
بڕیارە شاندەکەی دەم پارتی دوای گەڕانەوەیان لە ئیمراڵی، پەیامی ئۆجەلان لەبارەی یەکەم قۆناخی چەکدانانی گەریلاکانی پەکەکە بڵاوبکەنەوە. لە دوای 18ی ئایاری 2025ـەوە ئەمە شەشەمین سەردانی شاندی ئیمراڵییە بۆ لای ئۆجەلان.
ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی رۆژی سێی ئەم مانگە رایگەیاندبوو، لە رۆژانی داهاتوودا هەنگاوی گرنگ دەنرێت سەبارەت بە پرۆسەکە و بڕیارەکانی کۆنگرە لە هەرێمی کوردستانی عێراق جێبەجێ دەکرێن.
چاوەڕوان دەکرێت پەکەکە لە رۆژانی داهاتوودا بڕیاری وازهێنان لە چەک، جێبەجێ بکات.
دوای دیدارەکەیان لەگەڵ ئۆجەلان، بڕیارە ئەم هەفتەیە شاندی دەم پارتی بۆ جاری دووەم لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆببێتەوە.
رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
سەرچاوە: ڕووداو