دڵشاد شەهاب: نێچیرڤان بارزانی بانگهێشتی وەزیری دەرەوەی سووریای کرد و ئەویش قبووڵی کرد
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەرێمی کوردستان وەکو کارەکتەرێکی سەرەکیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەیر دەکرێت و بیر و بۆچوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە هەند وەردەگیرێت. " نێچیرڤان بارزانی، بانگهێشتی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریای کرد بۆ هەولێر و ئەویش بەخۆشحاڵییەوە قبووڵی کرد."

ئەمڕۆ شەممە، 15-02-2025، دڵشاد شەهاب بە ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، زۆربەی ئەوانەی دیداریان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی هەبووە، لە رابردوودا ئەزموونێکی قووڵیان لەگەڵی هەبووە، کە زۆربەی بۆچوونەکانی دروست دەرچوون، چونکە خوێندنەوەیەکی واقعیانەی هەبووە. دەقی هەڤپەیڤینەکەی رووداو لەگەڵ گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رووداو: سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەند کۆبوونەوەیەکی گرنگی کرد، لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی سووریا و ئەمریکا و سکرتێری گشتیی ناتۆ کۆبووەوە، باسی چی کرا؟ دڵشاد شەهاب: چوارچێوەی ئەم قسانە، پارێزگاریکردنە لە سەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەرێمی کوردستان وەکو کارەکتەرێکی سەرەکی سەیر دەکرێت لەو یارییەدا، بیر و بۆچوونی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەم پرسانە بە هەند وەردەگیرێت، زۆربەی ئەوانەی دیداریان لەگەڵی هەبووە [لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی] لە رابردوودا ئەزموونێکی قووڵیان لەگەڵ جەنابیان هەبووە، زۆر جار خۆمان چانسی ئەوەمان هەبووە لە پێشووتر لە بابەتی دیکەدا پرس و راوێژی لەگەڵدا کراوە و زۆربەی بۆچوونەکانی دروست دەرچوون، چونکە خوێندنەوەیەکی واقعیانەی هەبووە. لەبارەی سووریا کە وەزیری دەرەوەیان لێرە بوو، جەخت لەسەر چەند خاڵێکی هاوبەش کرایەوە، یەکێکیان ئەوەیە؛ کە ئێمە دوو دراوسێین و سنوورێکی زۆرمان لەگەڵ یەکدی هەیە و هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارەکانی سووریا لە هەرێمی کوردستان دەژین، بوونی گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان کە پرسێکی گرنگە لای جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە. سووریایەک کە ببێتە مایەی سەقامگیری لە ناوچەکە، دەبێ سووریایەک بێت کە هەموو پێکهاتەکان لەخۆ بگرێت، بۆچوون و سپاردەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ وەزیری دەرەوەی سووریا ئەوەبوو کە ئەزموونی عێراق (راستە کەموکوڕی هەبووە)، بەڵام بۆ ئەوەی هەرکەس لە سووریای نوێ هەست بە بوونی خۆی بکات، دەبێ هەمووان بەشداربن لە حوکمڕانی و بەشدارییەکی کارایان هەبێ، بەتایبەتی برا کوردەکانی ئێمە. وەزیری دەرەوەی سووریا داوای لە جەنابیان [نێچیرڤان بارزانی] کرد کە رۆڵی خۆی ببینێت؛ هەروەکو ئەو ئەزموونە قووڵەی کە لە لێکنزیککردنەوەی خیلافاتی ناوچەکە هەمیشە فاکتەری سەرەکی بووە، هەروەها زۆر بە خۆشحاڵییەوە ئەوەیان نیشاندا کە حەزدەکەن پەیوەندییەکی زۆر باشیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دا هەبێت و سوودیش لە ئامادەیی کورد لە رۆژئاوا ببینن لەوەی بەشدارییەکی کارایان هەبێت و وەکو خاوەن ماڵ هەڵسوکەوت بکەن نەک وەکو ئەوەی بەشێکی جیا بن و بچنە نێو پرۆسەیەکەوە. رووداو: سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی وەزیری دەرەوەی سووریای کردووە بۆ هەرێمی کوردستان؟ دڵشاد شەهاب: بەڵێ! بانگهێشتکراوە بۆ عێراق، جەنابیان [نێچیرڤان بارزانی] دووپاتی لەوە کردەوە کە سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکەن، ئەوانیش [وەزیری دەرەوەی سووریا] بە خۆشحاڵییەوە قبووڵیان کرد. رووداو: وەزیری دەرەوە و شاندەکەی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە، باسی چییان کرد؟ دڵشاد شەهاب: هەموو دونیا چاوەڕێی ئەوەیە کە ئیدارەی نوێی ئەمریکا چ سیاسەتێک پەیڕەو دەکات، دیارە گرنگی بە ئاشتی دەدەن، لەسەر شەڕی رووسیا-ئۆکراینا، ئاگربەستی غەززە، مامەڵەکردن لەگەڵ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە گشتی و دەنگۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرنجی لەسەر ئەوە بووە کەوا هەڕەشەی تیرۆر هەیە و بەردەوامە؛ بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەمریکا قوربانییەکی زۆری داوە، بنەمایەک هەبووە بۆ ئەم قوربانیدانە ئەویش ئەوەیە، دەبێت شەڕی تیرۆر لە هەموو شوێنێک بکرێ بۆ ئەوەی مەترسیی تیرۆر لە جیهان کەمبێتەوە، تەجروبەی تاڵ هەن بەوەی ئەگەر مەجال بە بیری تووندڕۆیی درابێت لە دونیادا چی روویداوە! بەپێی زانیاریی ئێمە بیری تووندڕۆیی ئێستا لەو ناوچەیە مەوجوودە و هەڕەشەی تیرۆر هەیە و پاشماوەکانی داعش لە کامپی هۆل وەکو بۆمبێکی کات بۆ دانراو وان، لەبەر ئەو گۆڕانکارییانەی سووریا جموجۆڵی دیکە هەن و چەک کەوتووەتە دەستیان، ئەمانە هەموویان لەبری ئەوەی رووداوێک رووبدات کە دووبارە کاریگەریی لەسەر ئاسایشی جیهان، کۆچ و لایەنی ئابووری هەبێت، ئینجا بێینە سەر هێڵ و قوربانییەکی زۆر بدەین بۆ ئەوەی رووبەڕووی ببینەوە، پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوە بووە بەردەوامبن لەم پشتیوانییە بۆ ئەوەی پارێزگاریی لەو ناوچە هەستیارەی جیهان بکرێت. رووداو: بڕیارە گەورەترین کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە هەولێر بکرێتەوە و لەوانەیە وەزیری دەرەوە لە کردنەوەیدا بەشدار بێت، ئەو ئاماژەی بە بەشداریکردنەکەی دا؟ دڵشاد شەهاب: خۆشحاڵن بەوەی ئەم مەراسیمە لە هەولێر بەڕێوەدەچێت و گەورەترین کۆنسووڵخانە لە هەولێر دەکرێتەوە. باسکراوە، بەڵام هێشتا ماویەتی. رووداو: با بچینە سەر پرسی ناتۆ کە رۆڵێکی گرنگی لە هاوپەیمانی دژی داعش هەیە و مەشق و راهێنان بە پێشمەرگە دەکات، لەگەڵ سکرتێری گشتیی ناتۆ باسی چیتان کرد؟ دڵشاد شەهاب: هەمان ئەو هەڕەشانەی کەوا لەسەر ئەمنییەت هەن، بۆ ئەوەی ماندووبوون و قوربانیدانەکانی ئەوان بە ئامانج بگات و ئارامی لەم ناوچەیەدا بکەوێتە سەرپێ. هەروەها پرسیاریان لەسەر چەند بابەتێکی پەیوەندیدار بە هەرێمی کوردستانیش هەبوو، بەتایبەتیش هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، ئێستا هانی ئەوە دەدەن کە پەلە بکەین لە پێکهێنانی حکومەت، زۆر بە گرنگی سەیری ئەو هەڵبژاردنە دەکەن، بەلایانەوە گرنگە کە رێژەیەکی زۆری خەڵک بەشدار بووە و کەمترین گلەیی و گازەندە لەسەری هەبووە و یەکێک بووە لە پاکترین هەڵبژاردنەکان کە لە عێراق بەڕێوەچووە، ئەم بابەتەیان بەلاوە گرنگ بوو. جەختیان لەوە کردەوە کە بەردەوام دەبن لە هاوکاریی عێراق و هەرێمی کوردستانیش. رووداو: سەرنجی کۆبوونەوەکان بە گشتی لەسەر چی بوون؟ دڵشاد شەهاب: ئەوە چەندینجارە هەرێمی کوردستان لێرە ئامادەیە، بەراورد بە ساڵانی رابردوو بەرەوپێشچوونێکی یەکجار زۆر گەورە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، ئێمە سەردەمانێک کە دەهاتینە ئەم نێوەندە نێودەوڵەتییانە، دەبوو بۆ خەڵکی شیبکەینەوە کە چۆن قەناعەت بە عێراق بێنن کە هەرێمی کوردستان هەرێمێکی فیدراڵییە لە چوارچێوەی عێراق دا و چۆن کوردستان وەکو هەرێمێکی فیدراڵ قبووڵ بکرێت. ئێستا هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ئەو قۆناخەی کە پرس و رای پێدەکرێت و وەکو یاریکەرێکی سەرەکی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. بابەتێکی دیکە لەسەر پرسی نەتەوەیی کورد بوو، ئێمە هەمیشە وەکو گەلێکی هەڕەشە لەسەر بە لەناوچوون و نەمان بووین، ئێستا جیا لە پێگە یاسایی و دەستوورییەکەی هەرێمی کوردستان، لە هەموو کۆبوونەوەکاندا باسی بەشداریکردنی کورد دەکرێت لە بیناکردنەوەی سووریای نوێ، باسی پرۆسەی ئاشتی دەکرێت لە تورکیا کە هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی کارایان تێیدا دەبێت. ئەو رۆڵە میحوەرییەی کە جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەموو گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، جێی بایەخە و دڵنیایی دەدەن لەوەی کە هەرێمی کوردستان لە پێگەیەکی بەهێزدایە. رووداو: وڵاتانی ئەورووپا چۆن دەیانەوێ بە هاوکاری هەرێمی کوردستان، هاوکاربن بۆ گەڕانەوەی سەقامگیریی بۆ سووریا؟ دڵشاد شەهاب:هەموویان لەسەر ئەوە کۆکن کە دەبێ هەموو پێکهاتەکانی سووریا کە وڵاتێکی فرەییە، دەرفەتی ئەوەیان پێبدرێت کە بەشداربن و دەبێ پارێزگاریی لەوە بکەن سووریا نەبێتە بەشێکی دیکەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە. ئاماژەکانی ئیدارەی نوێی سووریا بە ئەرێنی وەرگیراون، هەرچەندە هێشتا ماویەتی حوکمی لەسەر بدرێ؛ بەڵام بۆچوون و ئاماژەکان باشن. دیارە کۆبوونەوەکانی وەزیری دەرەوەی سووریا شوێنپێی باشی بەجێهێشتووە کە بەنیازن کارێکی نیشتمانی بکەن. ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە بەشداریکردنی هەمووانە، بەتایبەتی کورد؛ براکانی ئێمە لە رۆژئاوا. هیوادارین ئەمانە رێچکەی دروستی خۆیان وەربگرن.
سەرچاوە: ڕووداو