کۆشکی ئیلیزێ: ماکرۆن و نێچیرڤان بارزانی دووشەممە دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تاوتوێ دەکەن

کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆماری فەرەنسا (ئیلیزێ) رایگەیاند، رۆژی دووشەممە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە، لە پاریس پێشوازی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات و ژمارەیەک بابەتی پەیوەست بە هەولێر، بەغدا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تاوتوێ دەکەن.

نیسان 13, 2025 - 11:02
کۆشکی ئیلیزێ: ماکرۆن و نێچیرڤان بارزانی دووشەممە دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تاوتوێ دەکەن

لە راگەیێندراوێکی رۆژی شەممەی ئیلیزێدا هاتووە: "رۆژی 14ـی نیسانی 2025، سەرۆککۆمار لە کۆشکی ئیلیزێ لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی خۆبەڕێوەبەری کوردستانی عێراق کۆدەبێتەوە."

ئەمە یەکەمین سەردانی ئەمساڵی نێچیرڤان بارزانییە بۆ پاریس دوای ئەوەی لە کانوونی یەکەمی پار، بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی کردنەوەی کەنیسەی نۆتردام، سەردانی وڵاتە ئەورووپییەکەی کرد.

 کۆشکی ئیلیزێ دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەیاندا، "سەرۆککۆمار و سەرۆک [نێچیرڤان] بارزانی باس لە گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا، سەقامگیریی ناوچەکە و پێکەوەکارکردن لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا دەکەن." ئیلیزێ هەروەها ئاماژە لەوە دەکات، "هەردوو سەرۆک دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تاوتوێ دەکەن و پابەندبوونی خۆیان بە کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا دووپاتدەکەنەوە."

 فەرەنسا ئەندامی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتییە کە بە بەشداریی زیاتر لە 80 وڵات لە سووریا و عێراق بەرەنگاری داعش دەبێتەوە. لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکەدا، فەرەنسا نزیکەی 600 سەربازی لە عێراق جێگیرکردووە، کە بەشی هەرە زۆریان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانن.

 لەوەتەی ماکرۆن لە ساڵی 2017 بووەتە سەرۆککۆماری فەرەنسا، لانیکەم 7 جار لە پاریس، هەولێر و بەغدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کۆبووەتەوە. دوایین سەردانی فەرمی و دیپلۆماسیی نێچیرڤان بارزانی بۆ پاریس لە تشرینی دووەمی 2023 بوو لەسەر بانگهێشتی ماکرۆن و تێیدا باس لە پەیوەندییە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ فەرەنسا کرا.

 هاوئاهەنگیی ئابووری، پێکهێنەرێکی دیاری پەیوەندیی نێوان هەولێر و پاریسە. ئەیلوولی پار، بۆ یەکەمین جار "کۆڕبەندی ئابووریی فەرەنسا و کوردستان" لە پاریس بەسترا. کۆمپانیا فەرەنسییەکانی وەک تۆتاڵ ئینێرجی، ویستی خۆیان بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دەربڕیوە.

رەگی ئەو پەیوەندییە بەهێزەی کە هەولێر و پاریس بەیەکەوە دەبەستێتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ هەشتاکانی سەدەی رابردوو، کە دانیێل میتران، سەرۆککۆماری ئەوکاتی وڵاتە ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، داکۆکی لە مافەکانی گەلی کورد دەکرد، کاتێک لە لایەن حکومەتی بەعسەوە رووبەڕووی چەوسانەوە دەبووەوە. لە هەولێر و سلێمانی قوتابخانەی نێودەوڵەتی و رێگە و پرد بە ناوی میترانەوە کراون.

 فەرەنسا لە هەولێر کۆنسووڵخانەی گشتی و هەرێمی کوردستانیش لە پاریس نوێنەرایەتیی هەیە.

سەرچاوە: ڕووداو