سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، ئەفراندن لە دیپلۆماسیەتی سەردەم دا

ئاب 9, 2026 - 18:46
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، ئەفراندن لە دیپلۆماسیەتی سەردەم دا

​​تەنیا کوردی

ئەگەر لەسەر ڕێچکەی ڕۆبێرت کاپلان لەم قۆناغەدا بڕوانینە  ناوچەکە، نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک زیندانێکی گەورە دێتە پێش چاو..
  لەم ناوچە پڕ لە هەڕەشە و ناسەقامگیرییەدا کە هەمیشە مێژووی خوێناویی پێش مرۆڤایەتی کەوتووە، دیپلۆماسییەتی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەفراندنێکی سەردەمە کە ھیچ کات لەسەر بنەمای کاردانەوە نەبووە، بەڵکوو دیپلۆماسییەتی بەرھەمدار و لۆژیکی و تەندروست و جێگەی ئومێد و متمانەبووە،  دیپلۆماسییەتێک کە نەیھێشتووە ھەرێمی کوردستان ببێتە سووتەمەنی لە هاوکێشەی ململانێکاندا و هەرگیز بۆ دەسکەوتێکی کاتیش، ریسکی بە چارەنووسی گەلەکەی نەکردووە. 

ئەم دیپلۆماسیەتە لە ڕێگەی تێگەییشتنێکی قووڵ لە هاوسەنگیی هێز پاشخانی ھەیە و بۆ ھەر پێشھاتێکیش نەخشەرێگای گونجاوی ھەبووە.
 دیپلۆماسیەتێک وەک دراوێکی نوێ لە بازاڕی سیاسیی ناوچەکەدا لای ھەمووان بەھای ھەیە کە ناوەکەی متمانەیە، متمانە وەک تاکە کلیلێک بۆ تێکشکاندنی ئەو دەرگا داخراوانەی کە جوگرافیا بەسەر هەرێم سەپاندبوونی.

​ئەم دیپلۆماسیەتە کە ئیتر ئەفراندنی سەردەمە، لە مێژووی ھەرێمی کوردستاندا سەرکەوتنی نووسیوەتەوە، چانسێکی گەورەی ھەرێمی کوردستانە، چانسی نەکەوتن و مانەوە و ئومێد.
لێرە لەم ھەرێمە ئەفراندنێک دروستبوو، چیرۆکێک کە تێیدا کارەکتەرێکی خاوەن دونیابینیی گەشبین توانی هاوکێشەی پەیوەندییەکان لەگەڵ دراوسێکاندا لە لێواری پێکدادانەوە بگوازێتەوە بۆ هاوسەنگییەکی تەندروست، لە پاڵ مامەڵەکردن وەک هاوبەشێکی متمانەپێکراو لەگەڵ ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی ڕۆژئاوا (واشنتن، پاریس و لەندەن).
 کاتێک لە قەیرانە قورسەکاندا پایتەختەکانی جیهان دەرگا بە ڕووی هەولێردا دەشکێنن، ئەمە بەرھەمی ئەو ئەفراندنە دیپلۆماسیەتە باڵایەیە کە ئەندازیارێکی سیاسی لە لوتکەی قەیرانەکاندا چیرۆکی سەرکەوتنی ھەرێم دەنەخشێنێ.
ئەمە سەلماندنی ئەو ڕاستییەیە کە لە جیۆپۆلەتیکی سەدەی بیست و یەکەمدا، هێزی ڕاستەقینەی قەوارەیەک لە قەبارەی ڕووبەرەکەی نییە، بەڵکوو لەو ئیرادە دیپلۆماسییەدایە کە دەتوانێت لە دۆخی ناسەقامگیری و پێکدادانی هێزەکاندا، متمانە بکاتە ناونیشانی مانەوە.
​دیدگای کاپلان پێمان دەڵێت کە لە جیهانێکی پڕ لە پشێویدا، سەرکەوتن بەرهەمی هەڕەشە نییە، بەڵکوو بەرهەمی خوێندنەوەی دروستە بۆ  مانەوە و نەخشەرێگای سەرکەوتنی ھەرێم لە حوکمڕانی ناوچەکەدا. 
دیپلۆماسییەتی نێچیرڤان بارزانی فشارە هەرێمییەکان و گەمارۆکان  دەگۆڕێت بۆ دەرفەت. 
بۆیە لە دادگای مێژوودا، خەڵات تەنیا بۆ ئەو سەرکردانە دەبێت کە دەتوانن لە تاریکترین قۆناغ و لە ساتەوەختی داڕماندا، ڕووناکی ببەخشن و پاسپۆرتی متمانە و سەقامگیری بۆ کۆمەڵگە دابین بکەن. ئەمە ئەو دونیابینینەیە کە تێیدا متمانە پێش سەرکەوتن دەکەوێت و دەبێتە پێشەنگی جووڵە سیاسییەکان کە ھەمیشە لەھەر قۆناغ و سەردەمێکدا نێچیرڤان بارزانی دێت و بە ئەفراندنێکی تازەوە لە فەرھەنگی جیھاندا دەستکەوتی نوێ دەخاتە سەر پێگەی ھەرێم و سەنگینتری دەکات.