لە مانگێکدا مەسک 27٪ـی سامانەکەی لەدەستداوە

گۆڤاری بلومبێرگی ئەمریکی لە دوایین راپۆرتیدا 10 دەوڵەمەندترین کەسی جیهانی دیاریکرد کە 9ـیان ئەمریکین، ئەوی دیکەش فەرەنسییە.

ئازاری 20, 2025 - 10:05
لە مانگێکدا مەسک 27٪ـی سامانەکەی لەدەستداوە

ئیلۆن مەسک کە لە ئەفریقای باشوور لە دایکبووە و ئێستا لە ئیدارەی نوێی ئەمریکادا بەرپرسیارێتی هەیە، بە دەوڵەمەندترین کەسی جیهان دیاریکراوە. لەدوای ئەو، جێف بیزۆس، گەورە سەرمایەداری ئەمریکی دێت. پلەی سێیەمیش بۆ مارک زۆکەربێرگی ئەمریکییە. بەگوێرەی راپۆرتەکەی بلومبێرگ، ئیلۆن مەسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکار و خاوەنی کۆمپانیای سپەیس ئێکس، سامانەکەی 310 ملیار دۆلارە. ئەمە 27٪ی لە 20ی مانگی رابردوو کەمترە.

کەمبوونەوەی سامانی مەسک دوای ئەوە دێت کە لەنێوخۆی ئەمریکا ناڕەزایەتیی دژی بڕیارەکانی لە ئیدارەی ترەمپدا زیادیکردووە و بەشێک لە هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە و وڵاتانی دیکەش بایکۆتی کڕینی بەرهەمەکانی کۆمپانیاکانی دەوڵەمەندترین پیاوی جیهانیان کردووە، بەمەش بەهای پشکی کۆمپانیاکانی دابەزیوە.

 سێ مانگی یەکەمی دوای بردنەوەی هەڵبژاردن لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بووە هۆی زیادبوونی سامانی ملیاردێرەکانی ئەمریکا، بەڵام لە 20ی شوباتەوە بەرەبەرە سامانەکانیان کەمدەبێتەوە. بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە 20ی شوباتەوە سامانی نۆ دەوڵەمەندترین ئەمریکی کە ناویان لە لیستی دە دەوڵەمەنترینی جیهاندایە 275 ملیار دۆلار کەمیکردووە.

پێش هەڵبژاردنی ترەمپ، مەسک 298 ملیار دۆلاری ئەمریکی هەبوو، شوباتی ئەم ساڵ بووە 424 ملیار دۆلار، بەڵام ئێستا 310 ملیار دۆلارە. سامانی جێف بیزۆس لە دوای سەرکەوتنی ترەمپەوە تاوەکو 20ی شوبات 40 ملیار دۆلار و مارک زۆکەربێرگیش 47 ملیار دۆلار زیادیکرد، بەڵام لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا هەر یەکێکیان 43 ملیار دۆلاری لەدەستداوە.

 لیستی دەوڵەمەندترین کەسەکانی جیهان:

ئیلۆن مەسک، ئەمریکی، 310 ملیار دۆلار

 جێف بیزۆس، ئەمریکی، 217 ملیار دۆلار

 مارک زۆکەربێرگ، ئەمریکی، 207 ملیار دۆلار

 بێرنارت ئارنۆڵت، فەرەنسی، 179 ملیار دۆلار

 لاری ئیڵسن، ئەمریکی، 172 ملیار دۆلار

 وارین بەفێت، ئەمریکی، 164 ملیار دۆلار

 بێڵ گەیتس، ئەمریکی، 162 ملیار دۆلار

 لاری پەیج، ئەمریکی، 149 ملیار دۆلار

 سێرگی برین، ئەمریکی 140 ملیار دۆلار

ستیڤ بالمەر، ئەمریکی، 136 ملیار دۆلار

سەرچاوە: ڕووداو