هاکان فیدان پەیوەندی بە نێچیرڤان بارزانییەوە دەکات: بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکە دەکەین
ئێوارهى ئەمڕۆ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا پەیوەندی بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کرد و سەرکۆنەی هێرشی سەر ماڵەکەی لە دهۆک کرد.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، "وەزیری دەرەوەی تورکیا بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییەی کرد کە ئەمڕۆ کرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک، هەروەها پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق دووپات کردەوە."
بەیانیی رۆژی شەممە 28-03-2026 چەند هێرشێکی درۆنی کرانە سەر دهۆک، یەکێک لە هێرشەکان بۆسەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو لەو شارە، ئەمەش ناڕەزایی تووندی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، عێراق، وڵاتانی دراوسێ و جیهان لێکەوتەوە.
ناڕەزاییەکان دژی هێرشەکە تادێ فراوانتر دەبن. جگە لە تورکیا و بەرپرسانی باڵای عێراق، سوپای پاسدارانی ئێران و کۆنسوڵخانەی ئێران لە هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد. هەروەها ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و بە "قبووڵنەکراو" ناوی برد.