رۆژی شەممە، 21ی ئازاری 2026، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای پەیامەکەیدا پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی گەلی کورد و ئامادەبووانی ئامەد کرد و رایگەیاند: "نەورۆز بۆ ئێمە جەژنێکی تایبەتە؛ سیمبوولی زیندووبوونەوە و ئیرادەی ژیانە، هەروەها بەرجەستەکردنی هیواکانی گەلێکە کە هەمیشە تینووی ئازادى و پێکەوەژیان بووە. هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و ئارامی بۆ هەمووان."
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پەیامی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان-ی لە کەرنەڤاڵەکە خوێندەوە
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە کۆبوونەوەی ساڵانەی خەڵک بۆ نەورۆز لە ئامەد، گوزارشت لە پەیامی کورد دەکات بۆ برایەتی و قبووڵکردنی یەکدی.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا بە گرنگییەوە باسی لە پرسی ئاشتی لە تورکیا کرد و گوتی: "بەدیهێنانی ئاشتی لە تورکیا کارێکی مێژووییە و لە بەرژەوەندیی هەردوو گەلی کورد و تورک و تەواوی ناوچەکەدایە. ئاشتی تاکە رێگەیە کە داهاتوویەکی گەش بۆ نەوەکانمان مسۆگەر دەکات."
هەروەها باسی لە پەیوەندیی مێژوویی و چارەنووسی هاوبەشی نێوان گەلان کرد و گوتی: "ئێمە له دێرزهمانهوه دراوسێین و هاوچارەنووسین، چارهنووس و بەرژەوەندییەکانمان یەکن. تەنیا لە رێگەی پێكهوهيى و سەقامگیرییەوە دەتوانین بەسەر ئاڵنگارییەکان دا سەربکەوین و بەشداريی لە بنیاتنانی ژیانێکی شایستەدا بکەین."
نێچیرڤان بارزانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەستخۆشی لەو هەنگاوانە کرد کە بۆ ئاشتی نراون و رایگەیاند: "بە ئومێدەوە لە هەوڵەکان دەڕوانین و چاومان لە هەنگاوی زیاترە."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامادەیی تەواوی هەرێمی کوردستانی بۆ هاوکاریی پرۆسەی ئاشتی دەربڕی و گوتی: "ئێمە لە هەرێمی کوردستان، تەواوی هاوكاريى خۆمان بۆ سەرخستنی ئاشتی دووپات دەکەینەوە و چاوەڕوانی کۆتاییهاتنی ململانێکان و چەسپاندنی سەقامگیرین. با پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی لهم رۆژگارهدا كه ناوچهكه به شهڕ و ململانێى سهخت دا تێدهپهڕێت، ئاشتى ببێتە راستییەکی ههميشهيى."
دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
خوشک و برایانی بەڕێز،
ئامادەبووانی هێژا،
جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی، بە گەرمی و لە دڵەوە لە تەواوی گەلی کورد و لە ئێوهى ئازیز پیرۆز دەکەم کە ئەمڕۆ لێرە لە ئامەدی هێژا بۆ پیرۆزکردنی نەورۆز کۆبوونەتەوە.
نەورۆز بۆ ئێمە جەژنێکی تایبەتە؛ سیمبولی زیندووبوونەوە و ئیرادەی ژیانە، هەروەها بەرجەستەکردنی هیواکانی گەلێکە کە هەمیشە تینووی ئازادى و پێکەوەژیان بووە. هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و ئارامی بۆ هەمووان.
ئەم کۆبوونەوەیەی ئێوە کە بووەتە نەریتێکی ساڵانەی جوان له ئامهد، خۆی لە خۆیدا جەژنی ژیان و جوانییە و گوزارشت لە پهرۆشى و پەیامی کورد دەکات بۆ برایەتی و قبووڵکردنی یەکتر.
ئێمە لە کاتێکدا ئەمڕۆ جەژنی نەورۆز پیرۆز دەکەین، دەمانەوێت پشتگيريى دڵسۆزانەی خۆمان بۆ ئاشتی دووپات بکەینەوە. بەدیهێنانی ئاشتی لە تورکیا کارێکی مێژووییە و لە بەرژەوەندیی هەردوو گەلی کورد و تورک و تەواوی ناوچەکەدایە. ئاشتی تاقە ڕێگەیە کە داهاتوویەکی گەش بۆ نەوەکانمان مسۆگەر دەکات.
ئێمە له دێرزهمانهوه دراوسێین و هاوچارەنووسین، چارهنووس و بەرژەوەندییەکانمان یەکن. تەنیا لە ڕێگەی پێكهوهيى و سەقامگیرییەوە دەتوانین بەسەر ئاڵنگارییەکاندا سەربکەوین و بەشداريی لە بنیاتنانی ژیانێکی شایستەدا؛ بکەین.
لێرەدا سوپاس و دەستخۆشی بۆ هەموو ئەو هەنگاوانە دووپات دەکەمەوە کە تا ئێستا بۆ سەرخستنی ئاشتی نراون. بە ئومێدەوە لە هەوڵەکان دەڕوانین و چاومان لە هەنگاوی زیاترە.
ئێمە لە هەرێمی کوردستان، تەواوی هاوكاريى خۆمان بۆ سەرخستنی ئاشتی دووپات دەکەینەوە و چاوەڕوانی کۆتاییهاتنی ململانێکان و چەسپاندنی سەقامگیرین. با پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی لهم ڕۆژگارهدا كه ناوچهكه به شهڕ و ململانێى سهختدا تێدهپهڕێت، ئاشتى ببێتە ڕاستییەکی ههميشهيى.
نەورۆزتان پیرۆز بێت و هەموو ساڵێک بە خۆشی.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان