ئەو پیاوەی کە بەو هەموو سامانەوە بمرێت ، بە شەرمەزاریەوە دەمرێت .
محمد خۆشناو
ناونیشانی ئەم وتارە هی جەمسەری پیشەسازی ئەمەریکی ( ئەندرۆ کارینگی -1835 -1919 )یە کە بۆتە دروشمی دەوڵەمەندەکانی ئەمەریکا کە بەشێوەیەکی جیاواز سەیری سامان دەکەن و ، هەندێکیان هەست بە مورتاحبوون بەرانبەر پارە ناکەن و هەست بەوە دەکەن کە ئەمە بارگراناییە و سووک نابێت تەنها بە بەخشین و یارمەتیدانی موحتاج و لێقەوماوان نەبێت .
کاری خێر و خێرخوازی کڕۆکی ئایینەکان و بیری چاکسازین ، هەندێک لە فەیلەسوف و بیرمەندان وایدەبینن کە خێر بریتیە لە هەموو ئەوەی دبنە هۆی چێژ و ئازار کەمبکاتەوە و وابکات کە مرۆڤ هەست بە خۆشی و ئارامی دەروون بکات ، سامان و ناوبانگی ناتوانێت بەختەوەری دروستبکات ، لێکۆڵینەوەیەکی زانکۆی « هارڤارد » لەسەر بەختەوەری دەریخستووە کە کاری خێرخوازی و یارمەتیدانی موحتاج بەختەوەری لەنێو دەروونی مرۆڤ دەچێنێت و دەیبزوێنێت….چەندە خۆشە کە گەشە دەخەیتە سەر ڕوخساری لێقەوماوێک ، بەخشین و کاری خێرخوازی لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی تر دەگۆڕێت و هیچ وڵاتێک ناگاتە وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە کاری خێرخوازی ، کەلەپوری بەخشین و کاری خێرخوازی لەکن ئەوان بۆتە کلتور ، زەڕوڕەتی بەخشینی بە شێک لە سامانەکانی دەوڵەمەندەکانی ئەمەریکا بۆ تەندروستی و تەعلیم و نەهێشتنی هەژاری لە جیهان بۆتە کلتور لە کۆمەڵگەی ئەمەریکی و کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکان بە گشتی ، لەکن ئەوان کەشوهەوایەک لە شەفافیەت و ڕاستگۆیی هەیە کە وا لەبەخشێنەر « متبرع » دەکات دڵنیابێت لەوەی کە ئەوەی دەیبەخشێت بۆ ئەو مەبەستە دەڕوات کە ئەو ئامانجیەتی ، نکوڵی ناکرێت کە ماوەیەکە لە هەرێمی کوردستانیش چەندان سەنتەر و دامەزراوە هەن کە یارمەتی لێقەوماوانی کارەساتە سروشتیەکان و کاری پەروەردەیی و دروستکردنی کارەبا بۆ گوندە دووردەستەکان دەدەن ، خەڵکی کوردستان بە گشتی و شاری هەولێر بەتایبەتی جوانیەکی ئینسانی لە بەخشین و کاری خێرخوازی هەیە ، بەداخەوە کەسانیش هەن کە لەناو کۆشک و تەلار و چەندان خزمەتکار و دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی نایاب دەژی ، بەڵام نابەخشێت و ، هەمیشەش لەناو دڵەڕاوکێ و خەفەت و خەم لە سینگیدا هەناسەدەدات ، ئەدی ئەوە نازانێت کە دەمرێت دەیخەنە ناو قۆڵتێکی بچووکی حەقیر و خۆل بەسەریدا دەکرێت !! هەروەها لەوانەیە زۆر کەس مێژووی کەسێک دەزانن ، بەڵام نازانن کە ڕادەی ئینسانیەتەکەی و توانای خزمەتکردنی خەڵک بە خۆشەویستی و خۆنەویستییەوە چەندە ، بەتایبەتیش ئەگەر ئینسانیەتە بێگەردەکەی دووربێت لە وێنەگرتن بە کامیرا ، بێگومان ئێمە هەموو داواکراوین بۆ کاری خێرخوازی بەتایبەتی لە ڕۆژە ناخۆشەکانی لافاو و نەخۆشی و نەداریدا .
پادشاکانی پارە لە ئەمەریکا ( بیل گیتس ، وارین باڤێت ، ئیلۆن ماسک و لاری ئەلیسۆن ) و نموونەی وەک ئەوان ، ئەو بەخشینانەیان بە سەدەقە دانانێن ، بەڵکو بەوەی دادەنێن کە ئەمە مافی کۆمەڵگایە کە ئەگەر کۆمەڵگا نەبوایە ئەوان سەرنەدەکەوتن لە کارەکانیان و نەشیاندەتوانی فروانی بکەن ، ئەوان بڕواشیان وایە کە ژیانێکی دیکە هەیە کە دەتوانن چيژی لێوەربگرن و ، زۆربەیان هەر کە منداڵ بوون ملیارەهایان هێنایەدی و ئێستا دەیانەوێت لە بارگرانایی سەروەت و سامان ئازادبن ، جگە لەمە هەندێک لە سیاسەتمەدارانی ئەمەریکا دوای خانەنشین بونیان خۆیان و کاتەکانیان بۆ کاری مرۆیی و خێرخوازی بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیانیان و مرۆڤایەتی بە گشتی تەرخاندەکەن لەوانە جیمی کارتەری کۆچکردوو و بیل کلینتۆن- سەرۆکی پێشووتری وڵاتەیەکگرتووەکان ، بەڵام بەرپرس و سیاسەتمەدارانی ئەو ناوچەیەی ئێمەی تێدا دەژین دوای خانەنشینیان ، بەردەوام خەرکی فێڵ و پیلانە بۆ سەرلەنوێ گەڕانەوەی و ، هەندێکیشیان خۆی دەکشێنێتەوە بۆ ناوخۆی و ئەوەندەی لە ژیانی ماوە لەگەڵ خێزان و منداڵەکانی و نەوەکانی دەژیت دەمرێت ، بەڵام هەروەک « تود هێنری » دەڵێت : ( بە بەتاڵی بمرە ) واتە هەموو ئەو هزر و توانایەی لەناو مێشکدایە بەتاڵی بکە بۆ خزمەتکردن و کاری خێرخوازی .