کۆرتوا دوای یاریی لیڤەرپوول لە ژووری جلگۆڕیندا شەڕی کردووە

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی دێفێنسا سێنترالی ئیسپانی، دوای یارییەکەی لیڤەرپوول و ریال مەدرید، تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێزی یانەی شاهانە بەتووڕەیی گەڕاوەتەوە ژووری جلگۆڕین و بەڕووی چوامینیی هاوڕێیدا تەقیوەتەوە و پێیگوتووە "تۆ هۆکاری دۆڕانەکەمان بووی". بە هاوڕێکانیشی گوتووە "یاریزانێکمان لە هێڵی ناوەڕاست دەوێت بۆشایی تۆنی کرووس و لوکا مۆدریچ پڕبکاتەوە".

تشرینی یەکەمی 5, 2025 - 13:18
کۆرتوا دوای یاریی لیڤەرپوول لە ژووری جلگۆڕیندا شەڕی کردووە
گۆڵپارێزی بەلجیکی لەو یارییەدا کە ریال مەدرید بە تاکە گۆڵێک دۆڕا، لە لووتکەی ئاستیدا بوو، درەوشایەوە و لەو نەبووایە یانە ئینگلیزییەکە بەئەنجامێکی گەورە لە ریال مەدریدی دەبردەوە، بۆیە بەتووڕەیی گەڕاوەتەوە نێو هاوڕێکانی، شەڕی کردووە و رەخنەی لە هەندێکیان گرتووە، بەتایبەتی چوامینی.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی دێفێنسا سێنترالی ئیسپانی، کۆرتوا بە تووڕەیی و دەنگی بەرزەوە لە ژووری جلگۆڕیندا گوتوویەتی گەورەترین کێشەی تیپەکەیان لە ھێڵی ناوەڕاستدایە، بەتایبەتی ئۆریلیان چوامینی.
 
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی دێفێنسا سێنترالی ئیسپانی، تیبۆ کۆرتوا  لە دوای یارییەکەدا ناڕەزایەتی خۆی لە ئاستی ئۆریلیان چوامینی لە ناوەڕاستی یاریگادا نەشاردووەتەوە، ئاماژەی بەوەداوە کە ریال مەدرید زۆر پێویستی بە یاریزانێکی داھێنەر ھەیە لە ناوەڕاستی یاریگەدا ، یاریزانێک بتوانێت کۆنترۆڵی یارییەکە بکات، ھەل دروست بکات و یارییەکە  بەڕێوەببات، وەک چۆن تۆنی کرووس و لوکا مۆدریچ لە کاتی پێشتردا دەیانکرد.
 
کۆرتوا دووپاتیکردووەتەوە کە چوامینی، سەرەڕای تواناکانی، نەیتوانیوە ئەو ئاستە پێشکێش بکات کە شایستەی تیپێکی گەورەی وەک ریال مەدرید بێت لە یارییە گەورەکاندا.
 
گۆڵپارێزی بەلجیکی بۆ هاوڕێکانی روونی کردووەتەوە کە نەبوونی یاریزانێک بە تواناکانی کرووس یان مۆدریچ لە ناوەڕاستی یاریگەدا، دەبێتە ھۆی ئەوەی تیپەکە تووشی کێشەی گەورە بێت لە یارییە گەورەکاندا، کە پێویستی بە توانای داھێنەرانە و داینامیکی ھەیە بۆ سەپاندنی کۆنترۆڵ بەسەر یارییەکەدا.
 
لە ساڵانی رابردوودا، ھێڵی ناوەڕاستی ریال مەدرید وەک دڵی لێدەری تیپەکە بوو. بە بوونی یاریزانانی وەک کرووس و مۆدریچ، تیپەکە توانای کۆنترۆڵکردنی یارییەکانی ھەبوو بەھۆی داھێنانیان و توانایان لە جوڵاندنی تۆپ بەشێوەیەکی باش و رێکخستنی ھێرش لە قوڵاییەوە، بەڵام لە وەرزی ئەم دواییانەدا، لەگەڵ رۆیشتنی ھەندێک یاریزان، ئەو بەرپرسیارێتییە دابەش بووە بەسەر چەند یاریزانێکی گەنجدا، لەنێویاندا چوامینی، کە سەرەڕای ئەوەی یاریزانە فەرەنسییەکە ئاستێکی باش پێشکێش دەکات لە ھەندێک یارییدا، بەڵام خاوەنی ھەمان داھێنان و توانای کۆنترۆڵی تەواوی ھێڵی ناوەڕاست نییە وەک ئەوەی ئەفسانەکانی تیپەکە دەیانکرد.
سەرچاوە: ڕووداو