محەممەد جەواد زەریف دەستی لەکار کێشایەوە

محەممەد جەواد زەریف، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری ستراتیژی، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی راگەیاند. بەڵام تاوەکو ئێستا سەرۆککۆمار وەڵامی نامەکەی نەداوەتەوە.

ئازاری 3, 2025 - 10:11
محەممەد جەواد زەریف دەستی لەکار کێشایەوە

محەممەد جەواد زەریف رایگەیاند، دوای ئەوەی چاوی بە غوڵام حوسێن موحسنی ئەژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری کەوتووە، ئەو داوای لێ کردووە دەستی لەکارەکەی بکێشێتەوە، بۆیە ئەویش دەقی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکێشی سەرۆککۆمار کردووە. درەنگی شەوی یەکشەممە (2-3-2025) زەریف لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی "دوێنێ، بە بانگهێشتی بەڕێز سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری چوومە سەردانی.

ئەو بە ئاماژەکردن بە بارودۆخی وڵات، رایسپارد کە بۆ پێشگرتن لە گوشاری زیاتر لەسەر حکومەت، بگەڕێمەوە زانکۆ، منیش بێ دواکەوتن، پەسندم کرد چونکە هەمیشە ویستوومە یار بم نەوەک بار."

 زەریف لە ئێکس "لادانی" لەبری دەستلەکارکێشانەوە بەکارهێناوە و نووسیویەتی "هیوادارم بە لادانی من، بیانووەکان بۆ بەربەستدانان لەبەرامبەر ویستی خەڵک و سەرکەوتنی حکومەت لابرابن. هێشتا شانازی بە پشتگیری لە دکتۆر پزیشکیانی بەڕێز دەکەم و بۆ ئەو و خزمەتکارانی راستەقینەی خەڵک، ئاواتی باشترینەکان دەخوازم."

زەریف زیاتر نووسیویەتی "هەرچەندە لە 6 مانگی رابردوودا رووبەڕووی زۆرترین سووکایەتی، تۆمەت و هەڕەشەکان بەرامبەر بە خۆم و خێزانەکەم بوومەتەوە، تەنانەت لەنێو حکومەتیشدا تاڵترین سەردەمی خزمەتی 40 ساڵەم تێپەڕاندووە، بەڵام بە هیوای خزمەتکردن خۆم راگرت." محەممەد جەواد زەریف، پێشتر و لە سەرەتای دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دوای ئەوەی لیستی ناوی وەزیرانی پێشنیازکراوی پێشکێشی پەرلەمان کرد، وەکو دەربڕینی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر لیستەکە، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی راگەیاندبوو، بەڵام دواتر پاشگەزبووەوە.

 دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردن و دەستبەکاربوونی، رۆژی پێنجشەممە، 01-08-2024، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، زەریفیی وەکو جێگری خۆی بۆ کاروباری ستراتیژی دەستنیشان کرد.

محەممەد جەواد زەریف، لە کاتی سەرۆکایەتیی حەسەن رووحانی، هەشت ساڵ وەزیری دەرەوەی ئێران بوو و بە ئەندازیاری رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 دادەنرێت.

سەرچاوە: ڕووداو