سبەی پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ و سبەی بەراورد بە دوێنێ پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە. کەشناسێک دەڵێت، سبەی هەینی کەشێکی بەهارە دەبێت. کەشناسیی عێراقیش رایگەیاند، "هەفتەی داهاتوو باران دەبارێت."

شوبات 27, 2025 - 11:59
سبەی پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە، 27-02-2025، ئاسمان پەڵەهەور دەبێت و پلەی گەرما بەراورد بە دوێنێ یەک بۆ دوو پلە بەرز دەبێتەوە. لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە کەشناسیی دەڵێت: "ئاسمان پەڵەهەور و نیمچەهەور دەبێت، بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما یەک بۆ دوو پلەی دیکە بەرز دەبێتەوە". سبەی دوایین هەینی پێش مانگی رەمەزانە. شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسیی ئەمڕۆ بە رووداوی گوت: "سبەی کەشێکی بەهارە و خۆش دەبێت و هاونیشتمانیان دەتوانن بۆ گەشت و سەیران بچنە سەیرانگەکان". هەفتەیەکە شەپۆلێکی سەرما باشووری کوردستانی گرتووەتەوە. شاڵاو هیدایەت دەڵێت، پلەی گەرما رۆژانە بەرز دەبێتەوە، بەڵام یەکشەممەی داهاتوو بە رێژەی بەرچاو و نزیکەی شەش پلەی دیکە بەرز دەبێتەوە. "شەپۆلێک باران عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە" دەستەی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "کۆتایی هەفتەی داهاتوو شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین ناوچەکانی رۆژهەڵاتی عێراق دەگرێتەوە". هەر ئەمڕۆ محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسیی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شەپۆلی بارانبارینی هەفتەی داهاتوو 05 بۆ 07ـی ئادار دەبێت. شەپۆلەکە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە". بە گوتەی ئەو کەشناسە، چڕیی شەپۆلی هەفتەی داهاتوو پارێزگاکانی هەڵەبجە، کەرکووک و ئیدارەی گەرمیان دەبێت. گوتیشی: "لە هەموو شارەکان بە بڕی جیا باران دەبارێت، بەڵام کەمترین بڕ لە دهۆک دەبێت و ئەگەری گۆڕانکاریش هەیە". بە گوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی بەرزترین پلەی گەرما لە باشووری کوردستان بەمشێوەیە دەبێت:

هەولێر: 10 پلەی سیلیزی

سلێمانی: 8 پلەی سیلیزی

دهۆک: 9 پلەی سیلیزی

کەرکووک: 13 پلەی سیلیزی

زاخۆ: 10 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە: 10 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران: 1- پلەی سیلیزی

سۆران: 8 پلەی سیلیزی

گەرمیان: 13 پلەی سیلیزی 

سەرچاوە: ڕووداو