پارێزگاری سلێمانی سوپاسی سهرۆكى ههرێمى كوردستان دەکات

- هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لەبارەی کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بەڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا رایگەیاند، "ئابڵووقەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی بە داکۆکی و داواکاریی مکوڕانەی نێچیرڤان بارزانی هەڵگیرا".
هەڤاڵ ئەبوبەکر لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "لەگەڵ ئەو هەوڵ و لێکتێگەیشتنە بەردەوامانەی ماوەکانی رابردوودا؛ پەیوەست بە کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بە ڕووی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و، دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی تورکشئێرلاین، لە ئارادابوون و، بڕیاربوو ڕۆژی 3ی ئەم مانگە ئابڵوقەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی هەڵبگیرێت و، کۆمپانیاو دامەزراوە گەشتیاریی و فڕۆکەوانییەکان راسپێردرابوون خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان ئامادەبکەن، بەڵام لەو ڕۆژەدا چاوڕواننەکراوانە ماوەی ئابڵوقەکە درێژکرایەوە".
پارێزگاری سلێمانی جەختی لە کاریگەریی داواکاریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردەوە: "ئەمڕۆ، لە دیداری بەڕێزان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری تورکیادا، ئەم بابەتە؛ بە پشتیوانیکردنی گشت هەوڵەکانی پێشووی هەموو دڵسۆزان و بەداکۆکیکردن و داواکاریی مکوڕانەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، خرایەوە بەر باس و بەسوپاسەوە بەڕێز ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بڕیاری لابردنی ئابڵوقەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دا، لە ئێستادا چاوەڕوانی گەیشتنی نامەی ئەلکترۆنیی دەسەڵاتیی فڕۆکەوانیی تورکیا (نۆ تام)؛ بۆ دەسەڵاتی فڕکەوانیی عێراقی فیدراڵ و بگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی".
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر لە کۆتایی لێدوانەکەیدا سوپاسی هەموو لایەنەکانی کرد: "لێرەوە بە ناوی پارێزگای سلێمانییەوە سوپاسی هەموو هەوڵەکانی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی دەوڵەتی تورکیاو تەواوی ئەو دڵسۆزانە دەکەین کە لە ئێستاو ڕابردوودا لە هەوڵی بەردەوامدابوون بۆ کۆتایهێنان بە ئابڵووقەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی."
لەسەر داوای نێچیرڤان بارزانی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە (9ـی تشرینی یەکەمی 2025)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ئەنقەرە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی کۆماری تورکیا کۆبووەوە، و لەسەر داوای نێچیرڤان بارزانی و لەسەر رەزامەندی و راسپاردەی ئەردۆغان ئابڵووقەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵگیرا.