سێیەمین کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر دەستپێدەکات
ئەمڕۆ کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر دەستپێدەکات و تاوەکو 28ـی مانگ بەردەوام دەبێت. ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو، بە هاوبەشی لەگەڵ ژمارەیەک لە ناوەندە دیارەکانی لێکۆڵینەوە و دامەزراوەکان لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان، کۆڕبەندەکە بەڕێوەدەبات.

کۆڕبەندەکە لە هەر سێ رۆژدا بە ناونیشانی "نادڵنیاییە کەڵەکەبووەکان لە داهاتووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا"، زەوینەی گفتوگۆ و پێشنیازی چارەسەر بۆ دۆخی سووریا، تورکیا، عێراق و ناوچەکە دەڕەخسێنێت، لەگەڵ دەرفەتەکان بۆ چارەسەری پرسی کورد لە هەر چوار وڵاتدا. لە هەر سێ رۆژی کۆڕبەندەکەدا، 13 پانێل و 18 چاوپێکەوتنی تایبەت دەکرێن، سەرکردەکان لە عێراق، کوردستان، تورکیا، سووریا و وڵاتانی ناوچەکە ئامادە دەبن. لەو کۆڕبەندەدا 90 پانێلیست و گوتار هەن. لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان 140 میوان بەشدار دەبن. بەرپرسانی پارتەکانی تورکیا، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، بەرپرس و سەرکردەکانی عێراق، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی عێراق، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشداری دەکەن. لە نوێنەرایەتیی وڵاتانیش 8 باڵیۆزی وڵاتان ئامادە دەبن، لەگەڵ 21 کۆنسووڵی وڵاتان. کۆڕبەندەکە کاژێر 10:00ـی بەیانی دەستپێدەکات. زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو گوتاری کردنەوەی کۆڕبەندەکە پێشکێش دەکات. لە کۆڕبەندەکەدا، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتاریان دەبێت. هەروەها گوتاری ڤیدیۆیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشکێش دەکرێت. لە کۆڕبەندەکەدا، گفتوگۆیەکی تایبەت لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکرێت. باسی دیدگەی هەرێمی کوردستان بۆ سەردەمی نادڵنیایی، کاریگەری سازان و لێکترازانە ناوچەییەکان لەسەر کوردستان دەکرێت. سەرچاوە: ڕووداو