ئەنجامی سەرژمێرى: 2.2 ملیۆن کرێچى و 19 ملیۆن سینگڵ لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەن
لە عێراق و هەرێمى کوردستان زیاتر لە دوو ملیۆن خێزان خاوەنى یەکەى نیشتەجێبوون نین و لە خانووی کرێدان، 7.6 ملیۆن کەس نەخوێندەوران و 19.1 ملیۆن کەس سەڵتن (سینگڵ)، ئەمەش بەپێی ئەنجامی سەرژمێری.

ئەمڕۆ دووشەممە 24ى شوباتى 2025 ئەنجامى بنەڕەتیى سەرژمێریى گشتیى دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوکرایەوە. بەگوێرەى ئامارەکە 72.15%ی خێزانەکان خاوەن یەکەى نیشتەجێبوونن، هەشت ملیۆن و 54 هەزار و 385 خێزان لە عێراق و هەرێمى کوردستان هەن، بەو پێیەش دوو ملیۆن و 210 هەزار و 147 خێزان کرێچین، یان خاوەنى یەکەى نیشتەجێبوونى خۆیان نین. ژمارەى دانیشتووان لە عێراق و هەرێمى کوردستان بەپێى سەرژمێرییەکە، 46 ملیۆن و 118 هەزار و 793 کەسە. رێژەی نەخوێندەواری لە کۆی ژمارەی دانیشتووان (10 ساڵان و زیاتر) لە عێراق 15.31%یە، بەو پێیەش حەوت ملیۆن و 650 هەزار و 787 کەس لە عێراق نەخوێندەوارن. رێژەی نەخوێندەواری لە هەرێمى کوردستان بە 16.23% دیاریکراوە، بەگوێرەى ژمارەى دانیشتووانى هەرێمى کوردستان کە بە 6.3 ملیۆن کەس دیاریکراوە، ژمارەى نەخوێندەواران زیاتر لە یەک ملیۆن کەسە. رۆژى 20ى تشرینى یەکەمى 2024 سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان لە عێراق و هەرێمى کوردستان کرا، 25ى تشرینى دووەم ئەنجامى بەرایى سەرژمێرییەکە بڵاوکرایەوە. ئامارەکانى سەرژمێرى دەریخستووە کە رێژەى سەڵت (سینگڵ) کە هاوسەرگیرییان نەکردووە 41.6%ى تێکڕاى ژمارەى دانیشتووانى عێراق و هەرێمى کوردستان پێکدەهێنن, واتا 19ملیۆن و 185 هەزار و 417 کەس سەڵتن، رێژەى ئەو کەسانەش هاوژینەکانیان لە ژیاندا نەماوە 2.8%ى تێکڕاى ژمارەى دانیشتووانە، یەک ملیۆن و 291 هەزار و 327 کەس هاوژینیان لە ژیاندا نەماوە. سەرچاوە: ڕووداو