کۆڕەک تیلیکۆم: ئەمشەو هێڵەکەمان لە هەموو عێراق ئاسایی دەبێتەوە

سەرچاوەیەک لە کۆڕەک تیلیکۆم رایگەیاند، ئەگەر هیچ کێشەیەک دروست نەبێت، لە دوای کاژێر 12:00ی ئەمشەو بڕیارە هێڵی کۆڕەک تیلیکۆم لە سەرانسەری عێراق بەردەست بێت و ئاسایی بێتەوە.

ئاب 28, 2025 - 14:52
کۆڕەک تیلیکۆم: ئەمشەو هێڵەکەمان لە هەموو عێراق ئاسایی دەبێتەوە
رۆژی 18-02-2025، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، بڕیاری سزادانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمی راگەیاند، کە بریتییە لە راگرتنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت "بەهۆی پابەندنەبوونی بە پێدانی قەرزە کەڵەکەبووەکانی و بەردەوامبوونی لە سەرپێچیکردن، هەروەها بۆ هاندانی بۆ دانەوەی قەرزەکانی".
 
دوای بڕیاری دەستەکەی عێراق، رۆژی دواتر کێشە بۆ ئینتەرنێت و پەیوەندیی کۆڕەک تیلیکۆم لە هەرێمی کوردستانیش دروست بوو، بەڵام دوای چەند کاژێرێک کێشەکە لە هەرێمی کوردستان چارەسەر کرا.
 
رۆژی پێنجشەممە، 28ـی ئابی 2025، سەرچاوەیەک لە کۆڕەک تیلیکۆم بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کێشەی راگیرانی ئینتەرنێتی کۆڕەک کێشەیەکی کۆنە و لە ساڵانی 2000ـەکانەوە هەیە، بەڵام بڕیارە دوای کاژێر 12:00ی ئەمشەو تەواوی کێشەکانی کۆڕەک تیلیکۆم لە سەرانسەری عێراق و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان چارەسەر بن و هێڵەکە لە هەموو عێراق ئاسایی بێتەوە".
 
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە: "هەموو ئامادەکارییەکان کراون، ئەگەر هیچ کێشەیەکی لەناکاو روونەدات، ئەمشەو پەیوەندیی هاوبەشانی کۆڕەک تیلیکۆم بە هێڵەکانی دیکە لە عێراق ئاسایی دەبێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی هەموویان لە رێگەی کورتەنامەیەکەوە ئاگادار دەکرێنەوە".
 
وەکو سەرچاوەکەی رووداو باسی کرد: "بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا، هەموو کێشەکانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم و عێراق چارەسەر بن".
 
رۆژی 20-02-2025، مازن سیروان بارزانی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی: "لە ساڵی 2007 دەبووایە کۆڕەک بڕواتە شوێنی کۆمپانیای 'عێراقونا' کە سێ ملیۆن بەشداربووی هەبوو و کۆدی 079 وەربگرێت، بەڵام بەداخەوە ئەو کات بە نایاسایی بەشداربووەکان درانە کۆمپانیای زین. ئەمەش بووە بابەتی کێشەکانی نێوان کۆڕەک و دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق کە تاوەکو ساڵی 2015 بەردەوام بوو".
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆڕەک تیلیکۆم، بەردەوام کێشەکەیان بردووەتە دادگە و "ساڵی 2015 بڕیارێک لە دادگە دەرچوو کە ئەو پارەیەی بۆ وەرگرتنی مۆڵەت لەسەر کۆڕەک ماوەتەوە، تاوەکو ئەو کاتەی کۆدی 079ی بەشداربووەکانی نەگەڕێندرێتەوە، نایدات، بەڵام دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق پابەندی بڕیارەکە نابێت".
 
وەکو مازن سیروان بارزانی ئاماژەی پێدا، بڕی پارەکە 375 ملیۆن دۆلارە و 290 ملیۆن دۆلاریشی پێبژاردنی خراوەتە سەر، گوتیشی: "تاوەکو ئێستا نۆ نووسراو لە دادگەوە بۆ دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق نێردراوە، بۆ ئەوەی بڕیاری راگرتنی دانەوەی قەرزەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە".

 سەرچاوە: ڕووداو