36 یانە بەشداری لە قۆناخی یەکەم (قۆناخی خول)ی پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکەدا دەکەن و ئەمە دووەم ساڵە، چامپیۆنزلیگ بەسیستمی نوێ بەڕێوەدەچێت.
یانە بەشدارەکانی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ، بەهەمان شێوە ئەو تیپانە لەخۆدەگرێت کە وەرزی رابردوو لە ریزبەندیی خولە نێوخۆییەکانیاندا ئەنجامی باشیان هەبووە، هەروەها براوەکانی چامپیۆنلیگ، یۆرۆپالیگ و حەوت تیپیش کە لەرێگەی پاڵەوتنەوە هاتوون.
تیروپشکەکە ئێوارەی ئەمڕۆ کاژێر 19:00بەکاتی باشووری کوردستان ئەنجامدەدرێت، رووداو سپۆرتس لە بەرنامەیەکی تایبەتدا لە کاژێر 18:30 شرۆڤەی تیروپشکەکە دەستپێدەکات و تاوەکو کۆتایی رێوڕەسمی راکێشانی تیروپشکەکە لەگەڵتان بەردەوام دەبێت.
تیپە بەشدارەکانی پاڵەوانێتییەکە کە ژمارەیان 36 تیپە، بەسەر چوار ئاستی جیاوازدا لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپاوە دابەشکراون. هەر تیپێکی بەشداری پاڵەوانێتییەکە لە قۆناخی خولدا بەرامبەر هەشت رکابەری جیاواز یارییدەکات.
مەرج و سیستمی تیروپشکەکە بەو شێوەیە دەبێت کە هەر تیپێک لە ئاستەکەی خویدا رووبەڕووی دوو تیپی دیکەی هەمان ئاستی خۆی دەبێتەوە لەگەڵ دوو تیپ کە هەر سێ ئاستی دیکە. ئەمە مانای وایە تیپێک لە ئاستی یەکەم، بەرامبەر دوو تیپ لە هەمان ئاست، دوو تیپ لە ئاستی دووەم، دوو تیپ لە ئاستی سێیەم و دوو تیپ لە ئاستی چوارەم یارییدەکات لە قۆناخەکەدا.
هەندێک وردەکاریی دیکە هەیە لە تیروپشکەکەدا لەبەرچاو دەگیرێت، هەر تیپێک لە رووبەڕووبوونەوەی دوو تیپەکەی ئاستی خۆی، یارییەک لە نێو یاریگەی خۆی و یارییەک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی ئەنجامدەدات. ئەمە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیپی ئاستەکانی دیکەش بەهەمان شێوەیە، هەربۆیە لە کۆتاییدا هەر تیپێک لە قۆناخی خولدا، چوار یاریی لەنێو یاریگەی خۆی و چوار یاری لە دەرەوەی یاریگەی خۆی ئەنجامدەدات.
هەروەها هەر تیپێک لە کۆی قۆناخی خول، بەرامبەر تەنیا دوو تیپی هەمان وڵات یارییدەکات. واتە تیپێکی ئیسپانی بەدرێژایی قۆناخی خول، بەرامبەر تەنیا دوو یانەی ئینگلیزی، یان فەرەنسی، یان ئەڵمانی، یان ئیتاڵی یارییدەکات.
لە کۆتایی قۆناخی خولدا، تیپەکانی یەکەم تاوەکو هەشتەمی ریزبەندییەکە بەپێی ئەو خاڵانەی لە قۆناخەکەدا بەدەستیان هێناوە، راستەوخۆ دەگەنە قۆناخی شانزەی پاڵەوانێتییەکە.
لە کاتێکدا تیپەکانی نۆیەم تاوەکو 24 لە ریزبەندییەکە لە یاریی پلەی ئۆفدا، رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە بۆ ئەوەی هەشت تیپی دیکەیان بەهەمان شێوە، بگاتە قۆناخی شانزە.
یارییەکانی گەڕی یەکەمی چامپیۆنزلیگ رۆژی 9/16 ئەنجامدەدرێن، ماوەی هەشت هەفتە بەردەوام دەبن و دوایین دوو گەڕی یارییەکان، دەکەونە ساڵی داهاتوو 2026.
خشتەی کاتی بەڕێوەچوونی گەڕەکانی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ لەم کاتانەدا ئەنجامدەدرێن.
گەڕی یەکەم.. 16 - 18ی مانگی نۆی ئەمساڵ.
گەڕی دووەم.. 30ی مانگی نۆ و یەکی مانگی دەی ئەمساڵ ئەنجامدەدرێن.
گەڕی سێیەم.. 21 و 22ی مانگی دەی ئەمساڵ ئەنجامدەدرێن.
گەڕی چوارەم.. 4 و 5ی مناگی یانزەی ئەمساڵ.
گەڕی پێنجەم.. 25 و 26ی مانگی یانزەی ئەمساڵ.
گەڕی شەشەم.. 9 و 10ی مانگی دوانزەی ئەمساڵ.
گەڕی حەوتەم.. 20 و 21ی مانگی یەکی ساڵی داهاتوو.
گەڕی هەشتەم.. 28ی مانگی یەکی ساڵی داهاتوو.
یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ رۆژی 30ی مانگی پێنجی ساڵی داهاتوو، لەسەر یاریگەی پوشکاش ئارێنا لە هەنگاریا ئەنجامدەدرێت.
بەپێی ریزبەندی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا، یانە سەرکەوتووەکان بۆ پاڵەوانێتییەکە بەمشێوەیە بەسەر چوار ئاستەکەدا دابەشکراون.
ئاستی یەکەم.. پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، ریال مەدریدی ئیسپانی، مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، بایرن میونشنی ئەڵمانی، لیڤەرپوولی ئینگلیزی، ئینتەرمیلانی ئیتاڵی، چێڵسی ئینگلیزی، بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی و بارسێلۆنای ئیسپانی.
ئاستی دووەم: ئارسیناڵ، بایرلیڤەرکوزن، ئاتلێتیکۆ مەدرید، ئاتاڵانتا، ڤیاریال، یوڤێنتوس، ئاینتراخت فرانکفۆرت و بێنفیکا.
ئاستی سێیەم: تۆتێنهام، ئایندهۆن، ئەیاکس، ناپۆلی، سپۆرتینگ، رێدستار، بۆدۆگلیمنت و مارسیلیا.
ئاستی چوارەم: کۆپێنهاگن، مۆناکۆ، گاڵاتەسەرای، یونیەن، کاراباخ ئەگدام، ئاتلێتیک بیلباو، نیوکاسڵ، پاڤۆس و کابریت.
بەپێی ریزبەندی ئاستەکان و بەپێی سیستمی پاڵەوانێتییەکە، دەکرێ ریال مەدرید یان بارسێلۆنا، رووبەڕووی قورسترین کاروان ببەنەوە لە قۆناخی خولی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵدا.
دەکرێ تیروپشکەکە، ریال مەدرید یان بارسێلۆنا، بخاتە بەرامبەر هەریەکە لە پاریس سانجێرمان، لیڤەرپوول، ئارسیناڵ، یوڤێنتوس، ناپۆلی، ئەیاکس، گاڵاتەسەرای و مۆناکۆ.
سەرچاوە: ڕوودو