هەفتەی داهاتوو شاندی باڵای پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە

بڕیابوو ئەم هەفتەیە شاندی باڵای پارتی و یەکێتی کۆببنەوە، بەڵام سەرچاوەیەکی باڵا لە یەکێتی نیشتمانی دەڵێت، "کۆبوونەوەکە بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا."

شوبات 20, 2025 - 12:59
هەفتەی داهاتوو شاندی باڵای پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە

سەرچاوەیەکی باڵا لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم هەفتەیە بەشێکی زۆری سەرکردەکان لە دەرەوە وڵات بوون و کاریان هەبوو، بۆیە نەتواندرا کۆبوونەوەکەی نێوان شاندی باڵای پارتی و یەکێتی بکرێت و دواخرا." بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، "کۆبوونەوەکە دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو، لە دوای رۆژی شەممەوە رۆژێکی بۆ دیاری دەکرێت." لە بارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەشەوە، ئەو سەرچاوەیەی یەکێتی گوتی، "هەریەک لە پارتی و یەکێتی بەجیا گفتوگۆیان لەسەر ئەو رەشنووسەی لەلایەن لیژنەی تەکنیکی هەردوولا ئامادە کرابوو، کردووە و لەم کۆبوونەوەیەدا هەردوولا بەیەکەوە گفتوگۆی لەسەر دەکەین." لیژنەیەکی تەکنیکی لەنێوان پارتی و یەکێتی پێکهێنرا بۆ شێوازی بەڕێوەبردنی کابینەی نوێی حکومەت. دوای پێنج کۆبوونەوە، 4ـی ئەم مانگە، لیژنەکان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا گوتیان، دوایین کۆبوونەوەیان کردووە و، "لێكگه‌يشتنى هاوبه‌ش و رێككه‌وتنى سه‌ره‌تايى له‌سه‌ر زۆربه‌ى ته‌وه‌ره‌كان کراوە." لیژنەی تەکنیکیی پارتی بەسەرۆکایەتیی پشتیوان سادق و ئەندامیێتیی دڵشاد شەهاب و ئومێد سەباح بوو. شاندی یەکێتیش بە سەرۆکایەتیی رێواز فایەق و ئەندامیێتی هەریەک لە شاڵاو شێخ سەلاح و ئامانج رەحیم بوو. بڕیارە لەم کۆبوونەوەی داهاتوودا باسی دابەشکردنی پۆستەکان بکرێت. ئەو سەرچاوەیەی یەکێتی گوتی، "جارێ باسی ئەوە نەکراوە چ کەسێک چ پۆستێک وەردەگرێت، بەڵام لە کۆبوونەوەی داهاتوودا باس دەکرێت." ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەدا، "ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کۆدەبێتەوە." زیاتر لە سێ مانگ بەسەر هەڵبژاردن و زیاتر لە دوو مانگیش بەسەر یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمان تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا لایەنە سیاسییەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت. سەرچاوە: ڕووداو