ڕووفاتی 32 کوردی ئێزدی دەگەڕێندرێنەوە شنگال

دوای دەرچوونی ئەنجامی پشکنینی DNA، بڕیارە 32 رووفاتی دیکەی کوردانی ئێزدی لە بەغداوە بگەڕێندرێنەوە موسڵ و پاشانیش شنگال، بەرپرسی رێکخراوێکی مافی مرۆڤ لە شنگال دەڵێت، 19 لەو رووفاتانە خەڵکی گوندی کۆچۆن و دووانیشیان ژنن.

شوبات 20, 2025 - 12:57
ڕووفاتی 32 کوردی ئێزدی دەگەڕێندرێنەوە شنگال

خەیرى عەلى، بەڕێوەبەرى رێکخراوى پتریکور بۆ مافى مرۆڤ لە شنگال، رۆژی پێنجشەممە 20-2-2025 بە رووداوی راگەیاند، ئەنجامی پشکنینی ئەو 12 رووفاتە دەرچووە، بڕیارە رۆژی هەینی کاژێر 12:00 لە بەغداوە بگەڕێندرێنەوە موسڵ، دواتر کاژێر 14:00 بە 32 ئەمبوڵانس دەگەڕێندرێنەوە شنگال. لەبارەی کاتی ناشتنی روفاتەکان، خەیری عەلی رایگەیاند، رۆژی هەینی مەراسیمی ئایینی بۆ رووفاتەکان رێکدەخرێت، رۆژی دواتر لە مەراسیمێکدا لە زێدی خۆیان بە خاکدەسپێدرێن. بەگوتەی خەیری عەلی لەو 32 رووفاتە 19ـیان خەڵکی گوندی کۆچۆن، ئەوانی دیکەش خەڵکی قنێ و سنونێن. هەروەها دوو لە رووفاتەکانیش ژنن. ساڵی 2014 داعش پەلاماری شنگالی دا، لەو کاتەدا جگە لە کۆمەڵکوژی ژمارەیەکی زۆر لە کوردی ئێزدی، ژمارەیەکی زۆر ژن و منداڵیش رفێندران و بە کۆیلە کران، ئەوانەی کوژراون، خراونەتە گۆڕی بە کۆمەڵەوە. پێشتر ئەحمەد قوسەی، سەرۆکی تیمی پشکنینی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە عێراق بە رووداوی راگەیاندبوو، تیمەکانیان بەردەوامن لە گەڕان بە دوای گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە شنگال، تاوەکو ئێستا 62 گۆڕی بە کۆمەڵ لە شنگال هەڵدراونەتەوە و 30 گۆڕی بەکۆمەڵی دیکەش ماون هەڵبدرێنەوە. لەو 62 گۆڕە بەکۆمەڵەی شنگال، کە هەڵدراونەتەوە، 600 رووفات دەرهێندراون، 250 رووفات دوای پشکنین و ناسینەوەیان رادەستی کەسوکاریان کراونەتەوە.

سەرچاوە: ڕووداو