نرخی زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاستەکانی مێژووی خۆی

نرخی زێڕ ئەمڕۆ لە نزیک بەرزترین ئاستەکانی لە مێژوودا مامەڵەی پێوە دەکرێت.

شوبات 20, 2025 - 09:17
نرخی زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاستەکانی مێژووی خۆی

هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ؛ نیگەرانییە لە پێناسە گومرگییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و سەرهەڵدانی شەڕی بازرگانی. ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 20-2-2025) لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بە 2941 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، کە نزیکە لە بەرزترین ئاستی مێژوویی خۆی. تیم واتێرێر، شارەزای بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (کەی سی ئێم ترەید) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ناڕوونییەکانی پەیوەست بە کاریگەرییەکانی شەڕی بازرگانی و بەتایبەتی سەرهەڵدانەوەی هەڵاوسان، دەبنە هۆکار بۆ ئەوەی نرخی زێڕ بەم زووانە بگاتە ئاستی سێ هەزار دۆلار." دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە لە مانگی داهاتووەوە بەڕێژەی 25٪ پێناسی گومرگ بەسەر ئۆتۆمبێل، چیپی ئەلیکترۆنی و دەرمانی هاوردەکراو لە وڵاتانی دیکەوە دەسەپێنێت. هەروەها پێناسی گومرگی بەڕێژەی 25٪ـی بەسەر بەرهەمی ئاسن و ئەلەمینیۆم جێبەجێکردووە، بەڕێژەی 10٪ـش پێناسی گومرگی بەسەر هەموو کاڵایەکی هاوردەکراو لە چینەوە سەپاندووە. کۆنووسی کۆبوونەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئاشکرای دەکات؛ بانکی ناوەندی پەلە ناکات لە دابەزاندنی رێژەی سوودی بانکی بەو پێیەی نیگەرانە لە سیاسەتەکانی ترەمپ، لەوەی ببنە هۆی گەڕانەوەی هەڵاوسان. ئەنجوومەنی جیهانیی زێڕ ئاشکرای کردووە لە دوای سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ، بانکە ناوەندییەکان 333 تۆن زێڕیان کڕیوە و ئەوەش لە ئاستی ساڵانەدا بەڕیژەی 54٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. دوێنێ لەگەڵ گەیشتنی نرخی ئۆنسەی زێڕ لە جیهان دا بە 2939 دۆلار، بۆ یەکەم جاریش لە مێژووی بازاڕەکانی نێوخۆی هەرێمی کوردستان دا، نرخی زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاست و یەک مسقاڵی عەیار 21 گەیشتە 625 هەزار دینار. سەرچاوە: ڕووداو