کەناڵی ریال مەدرید: ژنەکانیشیان بگۆڕن تۆماریان ناگۆڕێت

تەلەڤزیۆنی ریال مەدرید هێرشەکەی لەسەر ناوبژیوانان و یانەی بارسێلۆنا دەستپێکرد و رایگەیاند "بۆ یاریزانانی کەتەلۆنیا هیچ سزایەک نییە". سەبارەت بە گۆڕینی ناوی ناوبژیوانانیش. گوتی "نەک ناوەکانیان، ژنەکانیشیان بگۆڕن، تۆماری ناوبژیوانەتییان ناگۆڕێت".

ئاب 19, 2025 - 13:11
کەناڵی ریال مەدرید: ژنەکانیشیان بگۆڕن تۆماریان ناگۆڕێت

کەناڵی ریال مەدرید هەر لەسەرەتای وەرزی نوێدا جەنگی لەدژی ناوبژیوانان و یانەی بارسێلۆنا راگەیاند و هێرشی کردە سەر ئەوەی لە یاریی بارسێلۆنا و مایۆرکا روویدا.

ئەو کەناڵە سەبارەت بە یاریی بارسێلۆنا و مایۆرکا، کە یانە کەتەلۆنییەکە یارییەکەی بەئەنجامی 3-0 بردەوە و تێیدا دوو یاریزانی مایۆرکا بە کارتی سوور دەرکران، رایگەیاند "راستییەکە ئەوەیە لالیگا بە خوار و خێچی دەستیپێکرد، جێگەی نیگەرانییە کە یەکەم وێنەی خولەکە منداڵێکە کە درێسی مایورکای لەبەردایە، لە فرمێسکدا نوقم دەبێت، نائومێدە، سەیری دۆڕانی تیپەکەی دەکات کە چۆن و بە چ شێوەیەک دۆڕا".

هەروەها دەڵێت "یارییەک کە پرۆتۆکۆلەکە جێبەجێ نەکرا کاتێک یاریزانێک تووشی پێکان بوو، بڕیاری جێی مشتومڕ سەبارەت بە دەرکردن، کارتی سوور بەخێرایی بەڕووی یاریزانانی مایورکادا بەرز دەکرایەوە، لەکاتێکدا ئەوانی دیکە لە یانە کەتەلۆنییەکە لەوانەیە شایستەی ئەو کارانە بن، بەڵام بۆ ئەوان هیچ سزایەک نەبوو".

کەناڵەکەی ریال مەدرید بەردەوامە لەسەر رەخنەکانی و دەڵێت "نیشانەیەکی باش نییە بۆ هەوڵدان بۆ چاکسازی ناوبژیوان، کاتێک یەکەم وێنە منداڵێک بێت لەبەر هەڵەی ناوبژیوان بگریێت و یەکەم مشتومڕ لەسەر گلەیی راهێنەر بێت".

 تیڤییەکەی ریال مەدرید زیاتر دەڵێت "با بەبیرتان بهێنینەوە کە ناوبژیوان مونۆیرا مۆنتێرۆ ناوبژیوانی یاریی نێوان ریال مەدرید و ئۆساسونا بوو لە وەرزی رابردوودا کە هەڵەی گەورەی بەخۆوە بینی". هەروەها دەشڵێت "جا سەیر لەوەدایە ناوبژیوانی ئەوکاتەی ڤار، تروخیلۆ سوارێز بوو، و دەبێتە ناوبژیوانی یارییەکەی ئەمجارەمان بەرامبەر ئۆساسونا".

 کەناڵی ریال مەدرید لەسەر گۆڕینی ناوی ناوبژیوانان قسەی کرد و رایگەیاند "دەتوانن ناوەکانیان، شووقەکانیان، شوێنی نیشتەجێبوونیان، ژنەکانیان، رەنگی درێسەکانیان، پانتۆڵەکانیان، یان جلی ژێرەوەشیان بگۆڕن، بەڵام ئەوەی ناگۆڕێت تۆمارە ناوبژیوانەتییانە!".

سەرچاوە: ڕووداو