لە کرێى خوێندن دەبەخشرێن
وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایگەیاند، ھاوسەر و منداڵی پێشمەرگە کەمئەندامبووەکانی سەنگەر، لە کرێی خوێندنی پارالێل و ئێواران دەبەخشرێن.
![لە کرێى خوێندن دەبەخشرێن](https://pressin.info/uploads/images/202502/image_870x_67a90f28ece99.jpg)
ئەمڕۆ یەکشەممە ٩ـی شوباتی ٢٠٢٥، وەزارەتی خوێندنی باڵا، بە نووسراوی ژمارەی (٢٨٨٩) بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی کەسوکاری پێشمەرگە کەمئەندامبووەکانی سەنگەر دەرکرد و گشتاندنی پێکرد بۆ سەرجەم زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان. لە نووسراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵادا ھاتووە، پاڵپشت بە ماددەی حەوتەم، خاڵی چوارەم لە یاسای خانەنشینی کەمئەندامانی پێشمەرگە ژمارە (٣٤)ی ساڵی ٢٠٠٧، تایبەت بە مافی فێرکردنی بە خۆڕایی بۆ ھاوسەر و منداڵی پێشمەرگە کەمئەندامبووەکانی سەنگەر، ئەم بڕیارە دەرکراوە. ھەر بە پێی نووسراوەکە، لێخۆشبوون لە کرێی خوێندنی پارالێل و ئێواران بۆ ئەو قوتابییانەی کە کەسوکاری پێشمەرگە کەمئەندامبووەکانی سەنگەرن دەکرێت، بە مەرجێک بەڵگەنامەی پێویست بۆ ئەم مەبەستە پێشکەش بکەن.