نرخی زێڕ دووبارە بۆ زیاتر لە 2900 دۆلار بەرزبووەوە
نرخی زێڕ ئەمڕۆ بەهۆی پەرەسەندنی شەڕی بازرگانیی نێوان ئەمریکا و هاوبەشەکانی، دووبارە ئاراستەی بەرزبوونەوەی گرتەبەر.

نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەڕێژەی 0.2٪ بەرزبووەوە بۆ 2908 دۆلار. لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا، بە 2936 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئێوارەی رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، هەر وڵاتێک باج بەسەر بەرهەم و کاڵای ئەمریکیدا بسەپێنێت، پێناسی گومرگیی دەخاتە سەری. لێدوانەکەی سەرۆکی ئەمریکا ترسی خستووەتە دڵی بازرگانان بۆ ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕێکی گەورەی بازرگانی لەنێوان ئەمریکا و زۆربەی وڵاتانی دیکەی جیهان. یپ جۆن رۆنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (IG) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "نرخی زێڕ سوودی لە نادڵنیایی و دڵەڕاوکێی بازرگانان وەرگرتووە، کە بەهۆی شەڕی بازرگانییەوە دروستبووە." ئەمڕۆ ئامارەکانی پەیوەست بە نرخەکانی کۆفرۆشی لە ئەمریکا بڵاودەبنەوە، کە بە ئەگەری زۆرەوە کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دادەنێن.
سەرچاوە: ڕووداو