ترەمپ و پووتین تاوتوێی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا دەکەن
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا کردووە و باسی چەند مژارێکی گەرمیان کردووە؛ دەشڵێت، مەرجە جەنگی ئۆکراینا بوەستێت و سەردانی یەکدی دەکەن.

رۆژی چوارشەممە 12-02-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی (ترووس سۆشیال) رایگەیاند: "پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی بەرهەمدار و درێژم لەگەڵ سەرۆک ڤلادیمیر پووتین کرد." بەگوتەی ترەمپ، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، هەردوو سەرۆکەکە باسیان لە ئۆکراینا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، وزە، هێزی دۆلار، ژیریی دەستکرد و چەندین بابەتی دیکە کردووە. ترەمپ گوتی: "[لەگەڵ پووتین] رێککەوتین گیانلەدەستدانی ملیۆنان کەس لە جەنگی ئۆکراینا و رووسیا بوەستێنین و زۆر لە نزیکەوە پێکەوە کاربکەین. هەروەها رێککەوتین سەردانی وڵاتی یەکدی بکەین." کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملن) رایگەیاند: "سەرۆک پووتین بانگێشتی سەرۆک دۆناڵد ترەمپی کرد بۆ ئەوەی سەردانی مۆسکۆ بکات." ترەمپ باسی لەوەش کردووە، "رێککەوتین تیمەکانمان دەستبەجێ دەست بە دانوستاندنەکان بکەن. هەریەک لە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە؛ جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری CIA؛ مایکڵ وۆڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەت بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دانوستاندنەکان دەکەن. من بڕوایەکی بەهێزم هەیە دانوستاندنەکان سەرکەوتوو دەبن." سەرۆکی ئەمریکا نووسی، لەبارەی ئەو تەلەفۆنەی لەگەڵ پووتین کردوویەتی، قسە لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەکات. ترەمپ گوتی: "ملیۆنان خەڵک لەو جەنگە گیانیان لەدەستداوە کە ئەگەر من سەرۆک بوومایە رووینەدەدا، بەڵام روویدا و مەرجە بوەستێت. نابێت هیچ کەسی دیکە بکوژرێ." کریملن هەروەها رایگەیاند، پووتین بە ترەمپی گوتووە: "لە رێگەی گفتوگۆی ئاشتییەوە، ئەگەری هێوربوونەوەی تەنگژەکانی ئۆکراینا هەیە." کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا هەروەها رایگەیاند، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە نزیکەی کاژێر و نیوێکی خایاندووە. لەوکاتەوەی ترەمپ بۆ خولی دووەم بووەتەوە سەرۆکی ئەمریکا، ئەمە یەکەم پەیوەندیی تەلەفۆنییەتی لەگەڵ پووتین کە مۆسکۆ پشتڕاستی کردووەتەوە. دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملن رایگەیاند: "سەرۆک پووتین گوتی، هەموو هێورکردنەوەیەک پێویستی بەوەیە کێشەکان لە رەگەوە چارەسەر بکرێن."