ئیلهام ئەحمەد: رۆڵی نێچیرڤان بارزانی جێگەی سوپاسە
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، ستایشی رۆڵی ئەرێنیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی دەکات لە پشتیوانیکردنی سیستمی ناناوەندی بۆ سووریا. هاوکات، وردەکاریی دانوستاندنەکانیان لەگەڵ حکومەتی کاتیی دیمەشق و بوونی پەیوەندی لەگەڵ تورکیا ئاشکرا دەکات.
سەبارەت بە رۆڵی نێچیرڤان بارزانی، ئیلهام ئەحمەد رایگەیاند: "رۆڵی ئەو بەڕاستی جێگەی سوپاسە. رۆڵەکەی ئەرێنییە بەتایبەت بەو کێشانەی کە ئێستا رۆژئاوای کوردستان پێیدا تێدەپەڕێت".
لەبارەی گفتوگۆکان لەگەڵ دیمەشق، ئیلهام ئەحمەد جەختی کردەوە کە ئامانجیان گەیشتنە بە "هاوبەشییەکی راستەقینە" نەک تەنها تەسلیمکردنی دامەزراوەکان و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە). ئەو گوتی: "بابەتەکە هەروا نییە کە بێن و بڵێن 'وەرن چەکەکانتان تەسلیم بکەن'." روونیکردەوە کە دەبێت حکومەتی نوێی سووریا دان بە ئیرادەی خەڵکی ناوچەکە و ئەو سیستمە ئیداری و ئەمنییەدا بنێت کە لە ماوەی 13 ساڵی رابردوودا دامەزراوە.
یەکێک لە خاڵە جێی سەرنجەکانی هەڤپەیڤینەکە، دانپێدانانی ئیلهام ئەحمەد بوو بە بوونی "کەناڵێکی کراوە" و دانوستاندن لەگەڵ تورکیا. ناوبراو گوتی: "دانوستاندنێک هەیە. لەم دانوستاندنەدا، ئێمە وایدەبینین کە شتێکی باشە، ئەرێنییە... دەمانەوێت بزانین چۆن ئەو بەربەستانەی کە هەن لایانبەرین." ئەمەش ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولادا، کە پێشتر گرژی و ئاڵۆزیی زۆری بەخۆیەوە بینیبوو.
سەرچاوە: ڕووداو