ماکرۆن بۆ شەرع: گرنگە دانوستاندنی نێوان هەسەدە و دیمەشق بە نیازپاکییەوە بەردەوام بێت

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا دەڵێت، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری راگوزەری سووریای راگەیاندووە: "گرنگە دانوستاندنەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی سووریا بە نیازپاکییەوە بەردەوام بن."

تەمووزی 26, 2025 - 19:18
ماکرۆن بۆ شەرع: گرنگە دانوستاندنی نێوان هەسەدە و دیمەشق بە نیازپاکییەوە بەردەوام بێت

ماکرۆن لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئاماژە بەوە دەکات، ئەو کۆبوونەوەیەی کە رۆژی هەینی لەنێوان وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا و سووریا و نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە پاریس کران، "یارمەتیدەر بوون لە دەستنیشانکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو" بۆ دانوستاندنی نێوان هەسەدە و دیمەشق لەسەر تێکەڵکردنی هێز و دامودەزگەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە حکومەتی سووریا، بە پێی رێککەوتنێک کە لە 10ی ئادار لە نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە و شەرعدا واژۆ کرابوو.

دوای کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکە، هەر لە رۆژی هەینی، ژان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پەیوەندیی بە مەزڵووم عەبدییەوە کرد بۆ ئەوەی پێی رابگەیێنێت "لە داهاتوویەکی نزیکدا لە پاریس، دانوستاندن لەنێوان حکومەتی راگوزەری سووریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکرێت بە ئامانجی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی 10ی ئادار لەژێر سەرپەرشتیی فەرەنسا و ئەمریکا."

بەشێکی دیکەی گفتوگۆی ماکرۆن و شەرع لەسەر شەڕ و پێکدادانەکانی ئەم دواییەی نێوان دروزەکان و هۆزە دەشتەکییەکانی پارێزگەی سوەیدا بوو کە بوونە هۆی کوژرانی زیاتر لە هەزار و 300 کەس، هەروەها هێزە ئەمنییەکانی سووریا و ئیسرائیلیش دەستوەردانی سەربازییان تێدا کرد.

 ماکرۆن لەو بارەیەوە نووسیویەتی: "توندوتیژیی ئەمدواییەی سووریا تیشک دەخاتە سەر ناسکبوونی لەڕادەبەری قۆناخی راگوزەر. پێویستە خەڵکی سڤیل بپارێزرێن."

لەبارەی ئەو ئاگربەستەی لە 19ـی تەممووز بە نێوەندگیریی ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە لە سوەیدا راگەیێندرا، سەرۆککۆماری فەرەنسا دەڵێت: "ئاگربەستی سوەیدا ئاماژەیەکی ئەرێنییە. پێویستە ئێستا گفتوگۆیەکی ئارام رێگەی بەرەو ئامانجی یەکخستنی سووریا هاوکات لەگەڵ رێزگرتن لە مافەکانی هەموو هاووڵاتییەکانی، خۆش بکات."

 ماکرۆن هەروەها نووسیویەتی: "لەگەڵ سەرۆککۆماری سووریا باسم لە پێویستیی دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی لەگەڵ لایەنە نێوخۆییەکان لە چوارچێوەی حکومەت و ئاسایشی نیشتمانی کرد."

ناکۆکیی هەسەدە و دیمەشق

لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024ـەەوە، فەرەنسا هەوڵی داوە دەسەڵاتی نوێی سووریا و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە یەک نزیک بکاتەوە.

 بە گوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، پشتیوانیی وڵاتەکەی "بۆ چارەسەرێکی ئاشتییانە لەڕێگەی دانوستاندنەوە بۆ یەکخستنی سووریا، تێکەڵکردنی دانیشتووانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بە پڕۆسەی راگوزەری سیاسی و گەرەنتیکردنی مافەکانی گەلی کورد دووپات کردەوە."

 لە دوای واژۆکردنی رێککەوتنی نێوانیانەوە، چەند گەڕێکی دانوستاندن لە نێوان هەسەدە و دیمەشقدا کراون، بەڵام هیچ پێشکەوتنێکی ئەوتۆیان نەبووە.

 ناکۆکیی سەرەکیی نێوانیان ئەوەیە کە دیمەشق داوا دەکات هەسەدە هەڵبوەشێنرێتەوە و ئەندامەکانی بچنە نێو سوپای نیشتمانیی سووریا، بەڵام هێزە زۆرینە کوردییەکە کە بە سوپای دیفاکتۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دادەنرێت، داوا دەکات بەم پێکهاتە و شێوەیەی کە ئێستا هەیەتی ببێتە بمێنێتەوە و بەو جۆرە ببێتە هێزێکی سەر بە سوپای سووریا.

لەبارەی ئەو کۆبوونەوەیەی کە بڕیارە لە پاریس بکرێت، رۆژی هەینی قوتەیبە دولەیمی، بەرپرسی کاروباری ئەمریکا لە وەزارەتی دەرەوەی سووریا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندبوو: "تەواوکەری گەڕەکانی پێشووی دانوستاندنەکانی لەگەڵ سەرکردایەتیی هەسەدەیە بۆ تێکەڵبوونی تەواو"ی هێزەکە لەگەڵ سوپای داهاتووی نیشتمانیی سووریا.

وەک ئاماژەیەک بۆ پێداگریکردن لەسەر چەکدانەنان و هەڵنەوەشاندنەوەی هێزەکەیان، چوارشەممەی رابردوو، فەرهاد شامی، گوتەبێژی هەسەدە گوتی: "کەس لە سووریا خۆی رادەست ناکات. ئەوانەی گرەو لەسەر خۆبەدەستەوەدانمان دەکەن، دەدۆڕێن."

ئەو قسەیەی شامی، کاردانەوەی تووندی دیمەشقی لێکەوتەوە. رۆژی پێنجشەممە، سەرچاوەیەکی حکومەتی سووریا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند: "قسەکردن لەسەر رەتکردنەوەی رادەستکردنەوەی چەکەکان یانیش مانەوەی هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ، بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت."

گرژییەکانی سوەیدا

شەڕەکەی سوەیدا لە 13ی تەمووز دەستیپێکرد، دوای ئەوەی کە هۆزە دەشتەکییەکان سەوزەفرۆشێکی دروزییان رفاند.

دواتر هێزە ئەمنییەکانی سووریا کە بە گوتەی خۆیان بۆ نەهێشتنی پێکدادان چووبوون، لەگەڵ دەشتەکییەکان کەوتنە شەڕی دروزەکان. دوای ئەوە، ئیسرائیل کە خۆی بە پارێزەری دروزەکان دەزانێت، هێرشی کردە سەر پێگە سەربازییەکانی سوپای سووریا و وەزارەتی بەرگریشی لە دیمەشق بۆردوومان کرد.

ماکرۆن لەو بارەیەوە نووسیویەتی: "زۆر گرنگە کە رێگری لە نوێبوونەوەی توندوتیژی بکرێت و دڵنیایی بدرێت لەوەی ئەوانەی لەم جۆرە کارانە، بەرپرسن."

سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی سووریایی رۆژی شەممە رایگەیاند، لەو کۆبوونەوەیەدا لە پاریس بە نێوەندگیریی ئەمریکا لەنێوان شاندەکانی سووریا و ئیسرائیلدا کرا، باس لە کاراکردنەوەی رێککەوتنی هێورکردنەوەی دۆخەکە و "کۆنترۆڵکردنی ئاڵۆزییەکان" کراوە، بەڵام هێشتا "رێککەوتنی کۆتایی نەکراوە".

سەرچاوەکە بە تەلەفزیۆنی فەرمیی سووریای رایگەیاندووە، لە داهاتوودا چەند کۆبوونەوەیەکی دیکە دەکرێن.

 پێشتر سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی لە دیمەشق راگەیاندبوو، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا و رۆن دێرمەر، وەزیری کاروباری ستراتیژیی ئیسرائیل کۆبوونەتەوە.

هاوکات تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، لە پاریس لەگەڵ بەرپرسانی سووریا و ئیسرائیل کۆبووەتەوە.

کەناڵی فەرمیی سووریا لە زاری سەرچاوە دیپلۆماسییەکەوە بڵاویکردەوە: "کۆبوونەوەکە کە شاندێکی وەزارەتی دەرەوە و دەزگای هەواڵگریی گشتی لەگەڵ لایەنی ئیسرائیلی کردیان، بە نێوەندگیریی ئەمریکا بووە و تەوەری سەرەکیی بریتی بوو لە پێشهاتە ئەمنییەکانی ئەم دواییە و هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاڵۆزییەکان لە باشووری سووریا."

هەروەها گوتی: "کۆبوونەوەکە نەگەیشتە هیچ رێککەوتنێکی کۆتایی، بەڵکو راوێژێکی سەرەتایی بوو بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژی و کردنەوەی کەناڵی پەیوەندی لەدوای ئەو ئاڵۆزییە بەردەوامەی لە سەرەتای کانوونی یەکەمەوە دەستیپێکردووە."

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، دانوستاندنەکە باسی لە "ئەگەری کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئارامکردنەوەی دۆخ" کردووە، کە ئەو رێککەوتنە لە ساڵی 1974 لەنێوان هەردوو وڵات واژۆ کراوە.

هەروەها بەرپرسانی سووریا لە کۆبوونەوەکەدا داوایان کردووە هێزەکانی ئیسرائیل "دەستبەجێ" لەو خاڵانەی کە لەم دواییانەدا پێشڕەوییان بۆ کردووە، بکشێنەوە.

سەرچاوە: ڕووداو