ئەو دەرکەوتنانەی هاوکێشەن و هاوکێشەکانیش دەگۆڕن

شوبات 15, 2025 - 21:43
شوبات 21, 2025 - 18:49
ئەو دەرکەوتنانەی هاوکێشەن و هاوکێشەکانیش دەگۆڕن

هەڵات لاز

 محمد فائق

 ڕەوانئارام مەسعوود محەممەد لە دیدارێکی تەلەڤزیۆنیدا دەڵێت: "کورد خاریجی تەئریخ دەژی،" ئاخر پێی وابوو نە جیهان بە پێشکەوتنەکانیەوە بەر ئێمە کەوتووە؛ نە ئێمە دەتوانین باندۆرمان لەسەر هاوکێشە و ڕووداوەکانی جیهان هەبێت. ئەمڕۆ کە چاوێک بە تێزەکەی ئەو بیرمەندە مەزنەدا دەخشێنینەوە، تەنها هێندەمان بۆ دەمێنێتەوە داخ بخۆین و بێژین: "بریا دەژیا و ئەم گۆڕانە گەورەیەی بە چاوی خۆی دەدیت!" گۆڕانەکە هەم گەورەیە هەم ڕیشەیی، کوردستان چیدی بابەتی گفتوگۆ نییە؛ بەڵکوو دروستکاری گفتوگۆ و هاوبەشی بڕیاردانە. سەردانی ئەم چەند ڕۆژەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەڵمانیا و بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا -لە دۆزی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە گشتی و سووریا بە تایبەتی- ڕاستییەکی پێ گوتین: هەرێمی کوردستان خاوەنی "دیتن"ی سیاسی خۆیەتی و جیهانیش بە سەرنجەوە گوێی بۆ ڕادەدێرێت! لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا نێچیرڤان بارزانی نزیکەی ٢٦ دیدار و کۆبوونەوەی ئەنجامدان، لە هەموویاندا لایەنەکان گوێیان بۆ سەرنجەکانی سەرۆکی هەرێم سەبارەت بە دۆخی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوین ڕادێرا و بەڵێنی بەهێزکردنی هاریکاری و پەیوەندییەکانیشیان دا لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا. کۆنفرانسەکە دەرفەتێکی باش بوو بۆ پێشخستنی ڕوئیا و چارەسەرەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەربارەی داهاتووی عێراق و سووریا و ناوچەکە، کە وەک خەسڵەتی هەمیشەیی خۆی، بە گرنگییەوە باسی لە دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد و تێکڕای پێکهاتەکان لە سووریای نوێدا کردەوە. دیپلۆماسیەت و تێکڕای جووڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان جمکێکی ستراتیژین و هەمیشە دەرئەنجامی دڵخۆشکەر و هاوکێشەسازیان لێ دەکەوێتەوە. نموونەی هەرە دیاریش بانگهێشتی وەزیری دەرەوەی سووریایە بۆ هەرێمی کوردستان و ئەو داوایەیە کە لە سەرۆکی هەرێمیان کردووە تا ڕوئیا واقیعی و سیاسییەکانی خۆی سەبارەت بە سووریای داهاتوو، لەگەڵ حکوومەتی ئێستای سووریا هاوبەشی پێ بکات. هێشتا زووە پێشبینیی دەرئەنجامی دیدارەکانی کۆنفرانسەکە بکەین، بەڵام هەواڵەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە:

١- هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی جێ ئومێدە بۆ تەواوی جیهان لە پرسی مافی مرۆڤ و ڕێزگرتنی جیاوازییەکاندا.

٢- دیدگەی سەرۆکی هەرێم ئەرزشێکی ڕاستەقینەی سیاسیی هەیە و جیهان بایەخێکی زۆری پێ دەدات.   

 ٣- داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاڵی نابێت لە جێ پەنجەی کورد و نێوەندگیری و ڕوئیای سەرۆکی هەرێمی کوردستان.

٤- کۆتا ئاماژەیش ئەوەیە: کۆنفرانسەکە هەلێکی ڕاستەقینەبوو بۆ نوێکردنەوە، بەهێز کردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ڕابردووی هەرێمی کوردستان و جیهانی دەرەوە.