بۆ دیداری ئۆجەلان، کەسوکارەکانی سەردانی ئیمرالییان کرد

بۆ دیداری عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە، کەسوکارەکانی لە جەژنی قورباندا سەردانی دوورگەی ئیمرالییان کرد.

حوزەیری 8, 2025 - 21:25
بۆ دیداری ئۆجەلان، کەسوکارەکانی سەردانی ئیمرالییان کرد

ئەمڕۆ یەکشەممە 8ـی حوزەیرانی 2025، نووسینگەی یاسایی سەردەم، کە تیمی پارێزەرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانە لە راگەیێندراوێکیدا بڵاویکردەوە، هەریەک لە عومەر ئۆجەلان، عەلی ئۆجەلان و دوو لە منداڵەکانیان، بۆ دیداری عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بەبۆنەی جەژنی قوربان، سەردانی گرتووخانەی سزا قورسەکانی دوورگەی ئیمرالییان کرد.

دوای دیدارەکە، عومەر ئۆجەلان برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە هاوکات پەرلەمانتاری دەم پارتییە لە بازنەی رووها، لە تۆڕی ئێکس، پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "وەک کەسوکاری بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە، سەردانی دوورگەی ئیمرالیی کرد."

عومەر ئۆجەلان راشیگەیاند، دوای بڵاوبوونەوەی پەیامی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی لەلایەن بەڕێز ئۆجەلانەوە، دەرگەی قۆناخێکی نوێ، سیاسەت و رێکخستنێکی نوێ کرایەوە و باوەڕی زیاترمان بە بونیاتنان و دەستپێکی سەردەمێکی نوێ بەهێزتر بوو.

 برازاکەی هەر لە هەژماری خۆیەوە پەیامی جەژنە پیرۆزەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پەیامی بەڕێز ئۆجەلان بەبۆنەی جەژنی قوربان بۆ رای گشتیی بڵاودەکەمەوە. تێیدا دەڵێت "پیرۆزبایی جەژنی قوربانی بێ قوربانی لە گەلەکەمان دەکەم. سڵاو رێزم بۆ تەواوی گەلەکەمان هەیە."

ئەمە یەکەمجارە وەزارەتی دادی تورکیا و سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماریی پارێزگای بوڕسا، رێگە بە منداڵان دەدات سەردانی کەسوکارەکانیان بکەن لە گرتووخانەی سزا قورسەکانی دوورگەی ئیمرالی.

 لە یەکی تشرینی یەکەمی پار، هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.

 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.

سەرچاوە: ڕووداو