کۆمیسیۆن دەرگاى تۆمارکردنى پارت و هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانی عێراق دەکاتەوە
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، دەرگاى تۆمارکردنى ناوى پارت، هاوپەیمانێتى و لیستە سەربەخۆکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمان دەکاتەوە کە 20 رۆژ دەخایێنێت.

بەگوێرەى نووسراوێکى ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان کە لە 10ى نیسانى 2025 دەریکردووە و دەست رووداو کەوتووە، لە 15ى نیسانەوە دەرگاى تۆمارکردنى پارت، هاوپەیمانێتى و لیستە سەربەخۆکان دەکرێتەوە و تاوەکو 4ى ئایارى 2025 بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەى نووسراوەکە، ئەو هەنگاوە بۆ لەبەرچاوگرتنى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقە لە وادەى دیاریکراوى خۆیدا. ئەمڕۆ هەینى، 11ى نیسانى 2025، عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو تۆمارکردنە هەموو ئەو پارتانە دەگرێتەوە کە لە فەرمانگەى پارت و رێکخراوەکان ناویان تۆمار کردووە.
بەگوێرەى بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە 11ى تشرینى دووەمى 2025 دەکرێت. عیماد جەمیل رایگەیاند: "تۆمارکردنەکە ئەوانەش دەگرێتەوە کە دەیانەوێت بە لیستى سەربەخۆ بەشدار بن".
پێنجشەممە، 10ى نیسانی 2025، هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت کۆبووەوە و رێککەوتن هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بەگوێرەى ئەو یاسایە بکرێت، کە ئێستا هەیە بەبێ ئەوەى هەموار بکرێتەوە.
سەرچاوە: ڕووداو