دیار کوردە رۆژی سێشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا لە کۆشکی سپی پرسیارێکی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ کرد و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد کە کورد وەک بەوەفاترین هاوپەیمانی ئەمریکا ئێستا رووبەڕووی هێرشی هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا بوونەتەوە و پرسی: "چی دەکەیت بۆ ئەوەی دڵنیابیتەوە لەوەی مافی کورد پارێزراو دەبێ؟ کورد تۆ وەک سەرۆکێک دەبینن کە پشت لە هاوپەیمانەکانی خۆی ناکات."
ترەمپ لە وەڵامدا گوتی: "کوردم خۆشدەوێ، بەڵام بۆ ئەوەی تێبگەیت، کوردەکان پارەیەکی گەلێک زۆریان پێدرا، نەوت و شتی دیکەیان پێدرا. ئەوان ئەوەیان بۆ خۆیان دەکرد زیاتر لەوەی بۆ ئێمەیان دەکرد."
سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە، نێوانی واشنتن و کورد باشە و جەختی کردەوە: "هەوڵدەدەین کورد بپارێزین."
ئەم لێدوانەی ترەمپ بۆ رووداو لە کاتێکی یەکجار هەستیاردا دێت. هەر ئەمڕۆ سێشەممە 20-01-2026، دۆخی سووریا بەرەو وەرچەرخانێکی نوێ رۆیشت. دوای چەندین رۆژ لە پێکدادانی سەخت لە نێوان سوپای سووریا و هەسەدە، لایەنەکان لەسەر ئاگربەستێکی چوار رۆژە رێککەوتن.
ئەم ئاگربەستە دوای ئەوە هات، دوێنێ ترەمپ و ئەحمەد شەرع قسەیان کرد و ترەمپ گوتی، لە پەیوەندییەکەدا باسی زۆر پرسی پەیوەندیدار بە دۆخی سووریایان کردووە.
سەرچاوە: ڕووداو