خورشید هەرکی: کێشەکەمان چارەسەر بوو، فیدایی سەرۆک بارزانیم و بە پارتی دەمێنمەوە

خورشید هەرکی، کەسایەتیی دیاری هۆزی هەرکی، رایگەیاند کە ئەو کێشە گەورەیەی لەسەر زەوی و زار لەگەڵ هۆزی گۆران هەبوو، بە هەوڵی سەرۆک مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆتایی پێهاتووە. راشیگەیاند، ئەو پۆستەی لەبارەی بێلایەنیی خۆی بڵاویکردبووەوە، بەهۆی "سستی" لە چارەسەرکردنی کێشەکە بووە، بەڵام ئێستا وەک خۆی دەڵێت: "هەر کوڕی جەنابی سەرۆک بارزانیم و هەر بە پارتیش دەمێنمەوە."

تشرینی یەکە 28, 2025 - 16:43
خورشید هەرکی: کێشەکەمان چارەسەر بوو، فیدایی سەرۆک بارزانیم و بە پارتی دەمێنمەوە
خورشید هەرکی،  رایگەیاند، "کێشەکەمان کە کێشەی زەوی و زار و موڵکایەتی بوو، ماوەیەکی زۆر بوو چاوەڕێی یاسا بووین، بەڵام سستی پێوە دیار بوو. سوپاس بۆ خودا، دواتر جەنابی سەرۆک بارزانی، کاک نێچیرڤان بارزانی و کاک مەسرور بارزانی هاتنە سەر خەت و بە هیمەتی هەموو لایەک کێشەکە چارەسەر بوو."
 
خورشید هەرکی ئاماژەی بەوەشکرد کە جارێکی دیکە لە ناوخۆی کوردستان چەک هەڵناگرێت و گوتی، "ئەگەر رووبەڕووبوونەوەیەک رووبدات، ئینشائەڵڵا روونادات، ئەوا لە دژی دوژمنی خاک و وڵات دەبێت، نەک لە ناوخۆی کوردستان."
 
سەبارەت بەو پۆستەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردبووەوە کە وازی لە پارتی دیموکراتی کوردستان هێناوە و بێلایەنیی خۆی راگەیاندووە، خورشید هەرکی روونیکردەوە، "کاتێک پۆستم کرد، سستی بە چارەسەرکردنی کێشەکەوە دیار بوو. ئێمە دەمانویست زوو کۆتایی پێبێت و نەبێتە کێشەیەکی گەورەتر. کێشەکە تەنیا هی من نەبوو، بەڵکو کێشەی گشتیی عەشیرەتی هەرکی بوو."
 
خورشید هەرکی گوتی: "سەرۆک بارزانی دەقە بە دەقە و خاڵ بە خاڵ کێشەکەی چارەسەر کردووە." باسی رۆڵی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی لە چارەسەرکردنی  کێشەکەدا کرد و گوتی، "دوێنێ جەنابی سەرۆکی حکومەت، کاک مەسرور بارزانی، خاڵە هەستیارەکانی بەخۆی چارەسەر کرد، بۆیە زۆر سوپاسی دەکەم." لە وەڵامی ئەوەی کە ئایا ئێستا بێلایەنە، گوتی، "نەخێر، من کێشەکەم ئەو بابەتە بوو. هەر فیدایی سەرۆک بارزانیم و بۆ پارتیش دەمێنمەوە."
 
ئەو کەسایەتییەی هۆزی هەرکی رەتیکردەوە کە لە کاتی نیگەرانییەکەیدا وێنەی سەرکردەکانی پارتی لە دیوەخانەکەی لابردبێت و گوتی، "وێنەی بارزانیی نەمری رەمزی نەتەوەیی، وێنەی کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد، وێنەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کە هیوای ئاشتی و برایەتییە، هەروەها وێنەی کاک مەسرور بارزانیش لە دیوەخانەکەم دانراون و لام نەبردوون."
 
خورشید هەرکی سوپاسی هەریەک لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، لیوا بارزان قەساب و لیوا شەریف بێدۆدی کرد بۆ رۆڵیان لە چارەسەرکردنی کێشەکەدا. لەبارەی قوباد تاڵەبانییەوە گوتی، "کاک قوباد پەیوەندیی پێوەکردم و گوتی کێشەکە نابێت گەورە بێت و کوردستان ناشرین دەکات. پێیگوتم کە لەسەر هێڵە لەگەڵ کاک نێچیرڤان بارزانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە. بەڕاستی هەڵوێستێکی زۆر جوانی هەبوو."
 
سەبارەت بە سەردانی عەلی حەمەساڵح، سەرلیستی فڕاکسیۆنی هەڵوێست لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، خورشید هەرکی گوتی، "ماڵی ئێمە لە باب و باپیرانەوە دیوەخانی هەبووە و رێز لە هەموو کەسێک دەگرین. کاک عەلی بۆ ئەحواڵپرسین هاتبوو دوای رووداوەکان و هیچ باسی هەڵبژاردن و دەنگدانی نەکرد."
 
لەبارەی پەیوەندیی لەگەڵ هۆزی گۆران، هەرکی رایگەیاند کە ئامادەن بۆ ئاشتەوایی و گوتی، "من خۆم داپیرم گۆرانە و خوشکەزای گۆرانەکانم. ئێمە هەموومان براین. کێشەکە بەهۆی دەستێوەردانی لایەنێکی دیکەوە گەورە بوو. ئێستا کە کێشەکە چارەسەر بووە، ئاشتەوایی رادەگەیەنین و دوای هەڵبژاردن بەپێی یاسا سنوورەکان دیاری دەکرێن."
 
خورشید هەرکی رایگەیاند کە تاوەکو ئێستا بەهۆی کێشەکانەوە بەشداریی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی نەکردووە، بەڵام گوتی: "ئینشائەڵڵا بە گوڕوتینێکی زۆرەوە بەشدار دەبین."  گوتیشی، "هۆزی هەرکی هەمیشە لە شۆڕش و قوربانیداندا یەکەم بووە و ئامادەین هەموومان بمرین لەپێناو سەرکەوتنی لیستی 275ی پارتی دیموکراتی کوردستان."
سەرچاوە: رووداو