35 حیزب لە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا ناڕازین
35 حیزب لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، رەخنەی تووند لە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا دەگرن و دەڵێن: "ئەنجامەکانی ئەم کۆنگرەیە هیچ سوودێکی نابێت."

ئەو 35 حیزبانەی کۆمەڵگەی مەدەنی لەبارەی کۆنگرەکەوە، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا دەڵێن: ئەنجامەکانی ئەم کۆنگرەیە هیچ واتا و نرخێکی نییە و هیچ سوودێکی لێ وەرناگیرێت و رێگە بۆ چارەسەرێکی راستەقینەی ئاڵۆزیی وڵات دروست ناکات. کۆنگرەی نیشتمانیی سووریا لە دیمەشقی پایتەختی ئەو وڵاتە دوێنێ دەستیپێکرد و دوو رۆژ دەخایێنێت. حیزبەکان دەڵێن: لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی کە لە لایەن حکومەتی کاتییەوە راسپێردراوە، ژمارەیەک کەسی بانگهێشتی کۆنگرەکە کردووە تاوەکو خۆی رەوا نیشان بدات و هەوڵ دەدات ئەم کەسانە وەکو نوێنەری گەلی سووریا نیشان بدات. لە راستیدا ئەوان تەنیا نوێنەرایەتیی خۆیان دەکەن. ئاماژە بەوەش دەکەن، شێوازی لیژنەی ئامادەکاری کە لە یەک رەنگی پێکهاتووە لە بانگهێشتکردنی کەسەکاندا، هەمان شێواز و یارییەکانی رژێمی پێشووی سووریایە و خزمەتی داهاتووی سووریا ناکات. ئەو حیزبانە دەڵێن: ئەو دەوڵەتانەی کە لە بارودۆخی وەک سووریادا تێپەڕیون، کێشەکانی وڵاتەکانیان بە رێکخستنی کۆبوونەوەیەکی نیشتمانی چارەسەر کرد کە تێیدا نوێنەرانی پێکهاتەکانی گەل، نوێنەرانی هێزە سیاسییەکان کە نوێنەرایەتی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی گەل دەکەن، هەروەها لەسەر بنەماکانی دەستووری کە مافەکانی هەموو پێکهاتەکان دەپارێزێت، رێک دەکەون. پاشان بانگەوازی بەستنی کۆنگرەی نیشتمانیی گەل دەکەن تاوەکو پەسەندی بکات. واتە بەم شێوازەی کە حکومەتی کاتی پێشکێشی دەکات، نابێت. لە راگەیێندراوەکەدا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە هەموو ناوچەکانی سووریای نوێنەری راستەقینەیان لە هەموو پێکهاتەکان هەیە و لە نێوانیاندا هێزە سیاسی و سەربازییەکان. لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی راستەقینە دەبێت بەرفراوان بێت و هەموو پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکان، پارت و رێکخراوە چالاکەکان، هێزە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکان شوێنی خۆیانی تێدا بگرن، تاوەکو دیالۆگێکی راستەقینە پێکبێت و راستیی ئیرادەی سووریا دەربخات: "بەڵام ئەم کۆنفرانسانەی کە بە نوێنەرایەتییەکی جۆری لە رێگەی هەندێک کەسەوە دەبەسترێن، نوێنەرایەتیی راستەقینەی پێکهاتەکانی سووریا ناکەن و، ئەنجامەکانی هیچ واتا و نرخێکی نییە و هیچ سوودێکی لێ وەرناگیرێت." ئەمڕ سێشەممە، 25-02-2025، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش روونکردنەوەیەکی بۆ رای گشتیی بڵاوکردەوە و گوتی، لەدوای رووخانی رژێمی بەعس لە سووریا، سەرجەم گەلی سووریا بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، چاویان لەوە بوو سووریایەکی یەکگرتوو بۆ هەموو سورییەکان بنیاد بنرێت، بەبێ پەراوێزخستن و فەرامۆشکردن. بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پێیوایە، رەنگە کۆنگرەی نیشتمانی یەکێک بووبێت لە داواکارییەکانی گەلی سووریا بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی شۆڕشەکەی کە زیاتر لە 14 ساڵی خایاندووە، لە سەرەتای رووخانی رژێمی لەناوچوو، سەرجەم سوورییەکان گفتوگۆیان دەکرد و چاویان لە کۆنگرەی نیشتمانیی سووریا بوو لەگەڵ هەنگاوە کردارییەکان بۆ قۆناخی بنیادنانی دەوڵەت. بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر باس لەوە دەکات، ئەو هەنگاوانەی کە ئیدارەی جێبەجێکردنی کارەکان لە سووریا هەڵیدەگرێت، سەبارەت بە پرسی گفتوگۆ و بەشداریکردن، جێگەی هیوا نەبوون. لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا، لە 11ـی شوباتى 2025 بە بڕیارى ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆمارى سووریا بۆ قۆناخى راگوزەر پێکهێنراوە، کە 7 ئەندامن؛ رۆژی چوارشەممە 12ـی شوبات، بە فەرمى بڕیارەکە بڵاوکرایەوە. نزیکەی 600 کەس لە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی بەشدارن و هیچکام لە لایەنە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان بەشدارییان نەکردووە. ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا لە گوتارێکدا کە ئەمڕۆ (سێشەممە، 25-2-2025) لە کۆنگرەکە لە دیمەشق پێشکێشی کرد، رایگەیاند پێویستە هەست بە ئازار و نەهامەتییەکانی سووریاییەکان بکرێت و هۆکارەکانی هەستانەوەی سووریا رەچاوبکرێن. ئەحمەد شەرع گوتی، "مێژووی سووریا بەدرێژایی سەدەیەک، بە کۆمەڵێک ئاڵنگاریدا تێپەڕی. لەو ماوەیەدا سووریاییەکان چەندین ئازار و نەهامەتییان بینی، دوای ئەوە شۆڕشی سووریای پیرۆز هات و سەرکەوتنی گەورە بەدەستهات و سووریا رزگارکرا. هەرچەندە برین و ئازاری زۆری پێوەیە و لە ژووری چاودێریی چڕدایە. کە داوا لە هەمووتان دەکات بە یەکگرتوویی ئازار و برینەکانی چارەسەر بکەن." سەرۆکی کاتیی سووریا پەیامێکی ئاراستەی ئامادەبووانی کۆنگرەکە کرد و گوتی، "ژێردەستەیی قبووڵ ناکەین، سووریای ئەمڕۆ داوای رێککەوتنتان لێدەکات نەوەک دووبەرەکی، داواتان لێدەکات گفتوگۆ بکەن بۆ دیاریکردنی چارەنووس و داهاتوو، سووریای ئەمڕۆ گەڕاوەتەوە بۆ خاوەنەکەی، دوای ئەوەی لەلایەن نەوەکانییەوە پشتگوێ خرابوو."
سەرچاوە: ڕووداو