نرخی زێڕ لە بەرزترین ئاستیدایە؛ مسقاڵێک عەیار 21 بە 623 هەزار دینارە
نرخی زێڕ لە بەرزبوونەوە بەردەوامە و ئەمڕۆ گەیشتە بەرزترین ئاستی مێژوویی خۆی و نرخی یەک مسقاڵ عەیار 21 لە بازاڕەکانی ناوخۆ 623 هەزار دینارە.

لەبارەی نرخی جۆرەکانی دیکەی زێڕ، عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 22 بە 653 هەزار دینارە؛ عەیار 24 مسقاڵی بە 712 هەزار دینارە و عەیارە 18یش مسقاڵی بە 535 هەزار دینارە." ئەوە لەکاتێکدایە، سەرەتای ئەم مانگە نرخی زێڕ بەمشێوەیە بوو، مسقاڵێک عەیار 21 بە 591 هەزار دینار، عەیار 22 بە 612 هەزار دینار، عەیار 24 بە 668 هەزار و مسقاڵێک عەیار 18ش بە 500 هەزار دینار بوو. بەراورد بە سەرەتای ئەم ساڵ، هەر مسقاڵێک زێڕ نزیکەی 58 هەزار هەزار دینار بەرزبووەتەوە. لە بازاڕە جیهانییەکاندا، دوێنێ نرخی زێڕ بەهۆی کۆکردنەوەی قازانج کەمێک لە بەرزترین ئاستەکانی دوورکەوتەوە و نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە کاتی داخستنی بازاڕەکان بە رێژەی 0.1% دابەزی و یەک ئۆنسەی بە 2935 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. نادڵنیاییەکانی پەیوەست بە دۆخی ئابووریی جیهان دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ پێناسی گومرگی بەسەر هاوبەشە بازرگانییەکانی سەپاند، نرخی زێڕی بەتەنیا لەم ساڵدا بە رێژەی 11.5% بەرزکردووەتەوە. شارەزایانی کۆمێرزبانکی ئەڵمانی لەبارەی نرخی زێڕ لە یاداشتێکدا بۆ بازرگانان رایانگەیاند: "خواست بۆ کڕینی زێڕ لەلایەن وەبەرهێنەرە رۆژئاواییەکان و بانکە ناوەندییەکان زیادیکردووە." ئەلێکس ئێبکارییان، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی کۆمپانیای راوێژکاریی ئاڵیجێنس گۆڵد لەو بارەیەوە رایگەیاند، "دابەزینی رۆژی هەینی نرخی زێڕ بەهۆی کۆکردنەوەی قازانجەوە روویداوە و بنەمای بازاڕی زێڕ بەهێزە و پێشبینیی زیاتر بەرزبوونەوەی لێدەکرێت." سەرچاوە: ڕووداو