ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ـی ئەیلوولی 2025، لە رێوڕەسمێکی شایستەدا و بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی کوردستان و نوێنەرانی وڵاتان لە هەولێر، تۆڕی میدیایی رووداو بەڵگەفیلمی (موحسین دزەیی – دیپلۆماتکاری کوردستان) نمایش کرد.
لەدوای نمایشەکە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکێش کرد و گوتی: "من دەمەوێ پڕ بە دڵ دەستخۆشی لە رووداو بکەم، دەستخۆشی لە بەشی بەڵگەفیلمی رووداو بکەم، دەستخۆشی لە کاک ئاکۆ بکەم، ئەم شتەی کە ئەوان کردیان کارێکی گەورە بوو."
هاوکات، گوتیشی، بەڵگەفیلمەکە بۆ ئەوە گرنگە نەوەی داهاتوو "بزانن کە ئەوەی ئێستا بەدەستمان هێناوە لە نەتیجەی خەبات و خۆڕاگریی ئەو تێکۆشەرانە بووە، ئەوەی کە ئەمڕۆ هەمانە و ئەو ئازادییەی کە ئەمڕۆ بەدەستمان هێناوە کەم نەبووە، خەڵکێکی زۆر خەباتی بۆ کردووە و تێکۆشاوە و زەحمەتی بۆ کێشاوە."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، بەشێکی ئەوەی لەم بەڵگەفیلمەدا لەبارەی موحسین دزەیی بینی، "بۆ خۆم نوێ بوو، لەکاتێکدا من کاک موحسین دەناسم و زۆریش وەکو خێزان تێکەڵین و پێکەوەبووین."
موحسین دزەیی، یەکێکە لەو پیاوە مەزنانەی ناوی بە وەفاداری و خۆڕاگرییەوە بەستراوەتەوە. وەک پێشمەرگەیەکی دلێر، دیپلۆماتکارێکی لێهاتوو و کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتیی خاوەن پێگە، هەمیشە وێستگەکانی ژیانی بە خزمەتکردنی کوردستانەوە گرێداوە. لە بنەماڵەیەکی ناودار و خاوەن هەڵوێستی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت، کە مێژوویان پڕە لە نموونەی دڵسۆزی، دەستپاکی و چاکەخوازی.
ئەم بەڵگەفیلمە، تیشک دەخاتە سەر وێستگە گرنگەکانی ژیان و خەباتی موحسین دزەیی لەکاتی شۆڕشدا لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی، تاوەکو رۆڵی وەک دیپلۆماتکارێک و پارێزەرێکی بەوەفای ناسنامەی نەتەوەیی کورد.
دەقی گوتاری نێچیرڤان بارزانی:
برادەرانی رووداو داوایان کرد چەند کەلیمەیەک قسە بکەم
قسەکانی خۆم لەسەر مام موحسین لەو بەڵگە فیلمەدا کردووە، زۆر شتی تریش هەبوو دەکرا باس بکرێ بەڵام لەبەر مەجال و کەمی وەقت توانراوە ئەوەندە باسبکرێت.
من دەمەوێ پڕ بە دڵ دەستخۆشی لە رووداو بکەم، دەستخۆشی لە بەشی بەڵگەفیلمی رووداو بکەم، دەستخۆشی لە کاک ئاکۆ بکەم، ئەم شتەی کە ئەوان کردیان کارێکی گەورە بوو.. ئەم بەڵگەفیلمە بۆ گرنگە؟ ئەم بەڵگەفیلمە گرنگە بۆ نەوەی داهاتوو، بۆ گەنجەکان، بۆ ئەوانەی لە داهاتوودا ئەم وڵاتە بەڕێوەدەبەن، بۆ ئەوە گرنگە کە ئەوان بزانن کە ئەوەی ئێستا بەدەستمان هێناوە لە نەتیجەی خەبات و خۆڕاگریی ئەو تێکۆشەرانە بووە، ئەوەی کە ئەمڕۆ هەمانە و ئەو ئازادییەی کە ئەمڕۆ بەدەستمان هێناوە کەم نەبووە، خەڵکێکی زۆر خەباتی بۆ کردووە و تێکۆشاوە و زەحمەتی بۆ کێشاوە.
من هیوادارم ئەم کارە بەردەوام بێت بۆ تێکۆشەرانی وەکو کاک موحسین، بۆ خەڵکی تریش کە تێکۆشاون و کاریان کردووە، چونکە کارێکی زۆر گەورەیە، بۆ من خۆم کە بە حساب کاک موحسین زۆر باش دەناسم، وەکو گوتم مامە موحسین، هەندێ بەشی ئەم بەڵگەفیلمە کە ئەمڕۆ من بینیم بۆ خۆم نوێ بوو، کە بە حساب کاک موحسین باش دەناسم و وەکو خێزانیش تێکەڵین و پێکەوە بووین. لەبەر ئەوە من دەستخۆشی لە رووداو دەکەم، دەستخۆشی لە کاک شاهۆ (مامۆستا شاهۆ) دەکەم، دەستخۆشی لە هەموو ئەو برادەرانە دەکەم کە زەحمەتیان کێشاوە و ئەم ئیشەیان کردووە.
ئەم بەڵگە فیلمەی کە ئەمڕۆ کردوویانە و ئەو بەشەی کە بەم واجبە هەستاوە بەڕاستی کارێکی گەورەی کردووە. قسەکانی من لەسەر کاک موحسین ئەوەبوو کە لەوێ گوتم، بەڵام دەستخۆشیتان لێدەکەم و هەموو لایەکتان بەخێربێن، هیوادارم بەردەوامبن لەم کارە باشانە، بۆ ئەوەی گەنجەکانمان و نەوەی ئێستامان بزانن کە ئەوەی بەدەستمان هاتووە سەرەڕای هەموو کەموکوڕییەکان و ئەو مەشاکیلانەی هەن، شتێکی کەم نییە.. شتێکی گەورەیە، بەڵام کۆمەڵێک خەڵکی زۆر خەباتیان بۆی کردووە، شەونخوونییان کردووە، زەحمەتیان کێشاوە، تاوەکو ئەوەی ئەمڕۆ بەدەستمان هاتووە بەدەست بێت.
هیوادارم ئینشائەڵڵا کوردستان ئاوەدان بێت و هەموو رۆژێک ئێوەش بە شادی و خۆشی و سەرکەوتوویی ببینین، بەخێربێن سەرچاو.
زۆر سوپاس