وەزیری داد و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق: بڕیاری قەدەخەکردنی زمانی کوردی هەڵوەشایەوە
دوای ئەوەی بە نووسراوێک وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق وانەگوتنەوە، دانان و وەڵامدانەوەی پرسیاری تاقیکردنەوەکان لە زانکۆ و پەیمانگەکان بە زمانی کوردی قەدەخەکرد. جێگری سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری داد دەڵێن، لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵا قسەیان کردووە و بڕیارەکە هەڵوەشاوەتەوە.
نووسراوەکە لە نێوەڕاستی ئەم مانگەدا، لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراقەوە ئاراستەی زانکۆ و پەیمانگەکانی کەرکووک، نەینەوا و دیالە کراوە؛ تێیدا جەختی لەوە کردووەتەوە، نابێت وانەگوتنەوە و پرسیارەکانی تاقیکردنەوە و وەڵامەکانیان بە زمانی کوردی بن، بەڵکو تەنیا بە زمانی عەرەبی یان ئینگلیزی و بەپێی پسپۆڕییەکان دەبێت.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵای عێراق قسەی کردووە و پێی راگەیاندووە، "ئەو بڕیارە کاری پێناکرێت و پارساڵیش بە هەمانشێوە رامان گرتووە."
شاخەوان عەبدوڵڵا رایگەیاندووە، "قوتابیان دڵنیا دەکەینەوە دەتوانن بە زمانی دایک وەڵامی تاقیکردنەوەکانیان بدەنەوە."
هاوکات، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق رایگەیاند، "پەیوەندیم بە وەزیری خوێندنی باڵای فیدراڵ کرد و بڕیاری چارەسەرکردنی کێشەکەی دا و تاقیكردنەوەكان بە هەمان میکانیزمی ساڵانی رابردوو بەڕێوەدەچن."
لەلای خۆیەوە، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "فەرامۆشکردنی زمانی شیرینی کوردی لە دامەزراوەکانی خوێندنی باڵای عێراق پێچەوانەی بنەماکانی دەستور و پێکەوەژیانە".
وەزارەتی خوێندنی باڵا سەرکۆنەی بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی عێراق دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، ئەم بڕیارە لەگەڵ ئەوەی پێشێڵکردنی راستەوخۆی مادەی 4ی دەستووری هەمیشەیی عیراقە، لە هەمانکاتدا پێچەوانەی بەهاو بنەماکانی پێکەوە ژیانە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عیراقی فیدراڵ.
خوێندنی باڵا دووپاتی دەکاتەوە، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى عێراق لەسەر هێڵ دەبن، بۆ چارەسەرکردنى بابەتەکە و، "رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەى ئەم جۆرە هەڵوێستە دوژمنکارانەیە."
هەر ئەمڕۆ، لە دوای بڕیارەکە، ئەکادیمیای کوردیی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارەکە بە 'رەگەزپەرستانە' دەزانێت و دەڵێت، "بڕیاری ژمارە 6496ی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق کە لە 16ی تەممووزی 2025 دەرچووە و تێیدا زمانی کوردیی لە ناوەندەکانی خوێندنی باڵای ناوچە کوردییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستاندا قەدەخە کردووە، ریسوا دەکەین و بە بڕیارێکی رەگەزپەرستانەی دەزانین، داواکارین هەرچی زووترە ئەو بڕیارە نایاسایی و نادەستوورییە هەڵبوەشێندرێتەوە و وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، داوای لێبووردن لە گەلی کورد بکات."
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، زیاتر لە 141 هەزار قوتابی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لە قۆناخی باخچەی ساوایانەوە تاوەکو 12 ئامادەیی، لە خوێندنی کوردی دەخوێنن.
سەرچاوە: ڕووداو