ئەردۆغان: 21ـی ئادار بە جەژنی بەهار و برایەتی رادەگەیێنم و داوا دەکەم بکرێتە پشووی فەرمی

سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی 21ـی ئادار بە جەژنی بەهار و برایەتی ناودەبات و دەڵێت، ئامادەیە داواکارییەک پێشکێشی پەرلەمانی وڵاتەکەی بکات بۆ ئەوەی نەورۆز بکرێتە پشووی فەرمی.

ئازاری 21, 2025 - 19:49
ئەردۆغان: 21ـی ئادار بە جەژنی بەهار و برایەتی رادەگەیێنم و داوا دەکەم بکرێتە پشووی فەرمی

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 21ـی ئاداری 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە ئیستەنبووڵ لە رێوڕەسمی نەورۆزدا بەشداریکرد و گوتارێکی پێشکێش کرد. رەجەب تەیب ئەردۆغان بەهۆی جۆش و خرۆشی ئامادەبووانی رێوڕەسمەکەوە رایگەیاند: "ئەگەر لێرەدا راپرسییەکی گشتی بکەین، ئامادەن 21ـی ئادار وەک جەژنی بەهار و برایەتی رابگەیێنین؟ ئامادەم داواکارییەکە پێشکێشی پەرلەمان بکەم و داوا دەکەم بکرێتە پشووی فەرمی."

 سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، نەورۆز تەنیا یەک نەتەوە خاوەندارێتی ناکات، بەڵکو کولتووری هاوبەشی هەمووانە و لە چەندین وڵاتدا ئەم رۆژە پیرۆز دەکرێت و بەهاکانی بەرز رادەگیرێن. سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی: "با لە جەژنی نەورۆزدا پەیامی پێکەوەژیان و ئارامی بڵاوبکەینەوە."

 رێوڕەسمەکەی نەورۆز لە ئیستەنبووڵ لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ رێوڕەسمێکی گەورەی نەورۆز لە ئامەدی باکووری کوردستان بەڕێوەچوو کە تێیدا پەیامی سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش خوێندرایەوە.

 رێوڕەسمەکانی ئەم ساڵی نەورۆز لە کاتێکدان، پڕۆسەیەکی چارەسەری لە تورکیا دەستی پێکراوە و لە رۆژئاوای کوردستانیش پەیەدە و ئەنەکەسە لە رێککەوتن بۆ یەکڕیزی نزیکن.

سەرچاوە: ڕووداو