لەودیو پۆستە وەزارییەکانەوە...
ڤینوس بابان
پێداگریی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەسەر بەشداریکردنی پێکهاتەکان لە دامەزراوە شەرعییەکانی دەوڵەت
جولە دیپلۆماسییە پڕ بەرهەمدارەکانی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەم سەردانەی بۆ بەغدا ، بووە هۆی ئەوەی کە سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو بڕیارە ستراتیژییە گرنگە بدات بە گەڕانەوەی فراکسیۆنی پەرلەمانیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەغدا، ئێمە لەبەردەم وەرچەرخانێکی بنەڕەتیداین کە لە ڕێککەوتنی کاتی تێپەڕیووە و ململانێکانی لە کایەی بەریەککەوتنی ئیرادەکانەوە گواستووەتەوە بۆ کایەی کێبڕکێی دەستووریی بەرهەمدا، هەولێر ئەمڕۆ لەبری بەرگریکردن لە قەوارەکەی ستراتیژیی سەپاندنی هاوبەشی گرتووەتە بەر.
بەڕێز دکتۆر نووری عوسمان سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە دەربرینێکی ڕاشکاو و قووڵدا پەنجەی خستە سەر برینە خوێناوییەکەی جەستەی دەوڵەت و قەیرانەکەی وەک جەنگی عەقڵیەت و شارستانیەتە ئیدارییەکان ناساند، نەک تەنها وەک کێشەیەک کە لەسەر ژمارەکان و بودجە بێت ، لە کاتێکدا بەغدا لە پشت عەقڵیەتێکی مەرکەزییەوە خۆی سەنگەرڕێژ کردووە و دەستی گرتووە بەو یاسایانەی لە سەردەمی رژێمەکانی پێشووتریەوە بۆی ماونەتەوە، لە لایەکی ترەوە هەولێر ڕوئیایەکی سەربەخۆیانەی هەیە کە بەرهەمی ئەزموونی ئازادیی دامەزراوەیی پاش ساڵی ١٩٩١ـە و ئێستا گەیشتووەتە قۆناغی لووتکەی پێگەییشتن، ئەم درزە شارستانییە ئیدارییە بەو مانایەیە کە هەرێم چیتر لە ڕوانگەی مەزڵوومیەتەوە داوای ماف ناکات بەڵکو لە ڕوانگەی باڵادەستیی ئیداری و وەک نموونەیەکی سەرکەوتووی فیدراڵیزم دەردەکەوێت کە دەبێت ئەزموونەکەی گشتگیر بکرێت نەک پەک بخرێت، سیاسەتی سەرۆکایەتی هەرێم روونە کە پەیرەوکردنی دیپلۆماسیی لە ژێر چەتری یەکسانی و لێکگەییشتن و دابینکردنی مافی گشت پێکهاتەکان بێ جیاوازی ، بەڕێز دکتۆر نووری عوسمان ئاماژە بە هەبوونی ٥٠ ماددەی دەستووریی پەکخراو دەکات، ئەمانە تەنها چەند ژمارەیەکی بێمانا نین بەڵکوو ئەمە ئاماژەیەکی خراپ پیشان دەدات بەوەی خولەکانی پێشووتری پەرلەمانی عێراق دەستووریان بە گشت نوێنەرەکانییەوە کە دەستووریان وەک خۆی جێبەجێ بکەن نەکردووە و پشتیان بە یاسا کۆنەکانی ڕێژمەکانی پێشوو کردوون کە مەرکەزییەتیەکی ئاشکرای پێوە دیارە بەمەش مافی پێکهاتەکان دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە و مافەکانیان بەیەکسانی لە ژێر سەروەری یاسا دابین ناکرێن،گەڕانەوە بۆ بەغدا لە ڕێگەی ٢٢ لیژنەی پەرلەمانییەوە جۆرێکە لە پەلکێشانی یاسایی بە ئاراستەی کۆتاییهێنان بە پاشکۆیەتی لە یاساداناندا و وەرگرتنەوەی دۆسیە سەروەرییە داراییەکانی وەک (گومرگ، باج و مووچە) و گۆڕینیان لە بەخششی سیاسیی مانگانەوە بۆ شایستەی یاسایی جێگیر و دابینکردنی بوودجە.
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی کە خاوەن فەلسەفەیەکی بەرز و دیدگایەکی روونە، هەوڵەکانی هەمیشە دژی ئەوە بووە لە بنەبڕکردنی ناسنامە و زەوتکردنی مافی پێکهاتەکان ئەمەیش لە پێداگریی توندی ئەودا ڕەنگی دایەوە بۆ نوێنەرایەتیکردنی پێکهاتەی مەسیحی بە وەزارەتێکی سەروەری لە کابینەی نوێدا ئەم هەڵوێستە تەنها وەک بەدەستهێنانی کورسییەک نابینرێت بەڵکو بەرجەستەکردنی کردەیی جەوهەری ناسنامەی کوردستانیی گشتگیرە کە جیاوازی لەنێوان کورد، عەرەب، سوننە، شیعە، مەسیحی، ئێزدی و کاکەیی ناکات. بەرگریکردنی سەرۆکی هەرێم لە زامنکردنی مافی پێکهاتەکان لە ناو جەرگەی بەغدادا ئاماژەیە بەوەی کە هەولێر هەردەم بەرگریی کردووە لە مافی گشت پێکهاتەکان و پاراستوونیەتی لە هەر مەترسییەک کە رووبەروویان بووبێتەوە لەم سۆنگەیەوە هەولێر هەردەم باوەری بە پێکەوەژیان و فرەیی بووە زیاتر لە حکوومەتەکانی دەوروبەری.
لەسەر ئاستی ئەمنی و سیاسی دیدگای ڕێزدار سەرۆکی هەرێم واقیعبینییەکی بێوێنەی تێدا بوو، کاتێک بەڕێز دکتۆر نووری سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: ئەم سەردانە سەرکەتوو و بەرهەمدار بوو چ لە ڕووی لێک نزیک کردنووەی لایەنەکانی هەرێم و بەغدا چ لە ڕووی لێکگەیشتنیان لە گشت پرسەکان کە پەیوەندیان هەیە بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان، پرسی نەوت و گاز، ماددەی ١٤٠، بوودجە و مووچە، چەندین پرسی تری چارەنووسساز کە پەیوەندییان بە سەقامگیری ئەمنی و سیاسی و ئابووری هەرێم و بەغداوەن . ئەم پێشهاتە نوێیە پشت بە فراوانکردنی بازنەی هاوپەیمانییەتییەکان و بنیادنانی تۆڕێکی بەرژەوەندی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەبەستێت لەگەڵ تەواوی هێزەکان، بۆ دروستکردنی ڕایەکی گشتی لەناو بەغدا کە بڕوای وابێت.. سەقامگیریی هەرێم کلیلی سەقامگیری عێراقە و چەکی گروپە چەکدارەکان پێش ئەوەی هەڕەشە بێت بۆ سەر هەولێر، مەترسییە بۆ سەر سەروەریی پایتەختی عێراق.
ئەوەی سەنگ و قورسایی ستراتیژی بەم جووڵە دیپڵۆماسییانەی دەبەخشێت سوپرایزی سیاسی کە بە ماوەیەکی زۆر کەم، بریاری گەڕانەوەی کورد تەنها هەفتەیەک دوای ڕاسپاردنی عەلی زەیدی، هاوسەنگیی هێزی لە قۆناغی پێکهێنانی حکومەتدا گۆڕی، هەولێر بڕیاریدا تەنها دەنگدەر و تەماشاکەر نەبێت لەسەر کارنامەیەکی ئامادەکراو بەڵکو دیدگای خۆی بسەپێنێت لە ساتی نووسینەوەی کارنامەکە و دابەشکردنی بەرپرسیارێتییەکاندا.
بێگوومان ئەم جووڵە و دەستپێشخەرییە ستراتیژییانەی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی ئەنجامی دان لە بەغدا لە سەر ڕاسپاردەی ستراتیژییە پۆڵایینیەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی بوون. ئەوەی جێی سەرنج بوو لەم سەردانە پڕ بایەخەی ڕێزدار سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و نوێنەرایەتی کردنی کوردستان و گشت پێکهاتەکان، ستایشەکان تەنها لە لایەن لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگییەوە نەبوون بەڵکوو هێزە نیشتمانییە قورسەکانی وەک هاوپەیمانی عەزمیشی گرتەوە کاتێک وتەبێژەکەیان جەختی کردەوە کە هەولێر سەلماندی قیبلەنومای چارەسەر و پێوەر و زامنی ئارامیی دەوڵەتە و ستایشی حیکمەتی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد لە چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە گەورانەی بەسەر وڵاتدا دێن .
ئەم دانپێدانانە سیاسییە گشتگیرە دەیسەلمێنێت کە سەرکردایەتی کورد سەرکەوتوو بووە لە گۆڕینی ئەو لێکتێنگەیشتنەی بەغدا لەسەر هەولێری هەبوو،
لە کۆتاییدا هەمووان لە بەغدا تێدەگەن کە هەر بنیادنانێکی حکومەت ئەگەر نەگۆڕەکانی بارزانی تێپەڕێنێت، بنیادنانێکە کە فاقیدی شەرعیەتی ئەخلاقی و سەقامگیری مەیدانییە، ئەمە ساتی سەرکردایەتی گشتگیری کوردە؛ ساتێک کە تەنها بە بەدەستهێنانی مافەکان نەوەستاوە بەڵکو بەڵگەنامەی متمانەی پێکەوەژیان پێشکەش بە تەواوی عێراق دەکات و دەیسەلمێنێت کە هێزی هەرێمی کوردستان تاقە زامنکەری سەروەرییەکی ڕاستەقینە و فرەدەنگییەکە کە پەراوێزخستن ڕەت دەکاتەوە.