سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پيرۆزبايى له‌ يه‌كێتيى نووسه‌رانى كورد ده‌كات

شوبات 10, 2026 - 09:39
شوبات 10, 2026 - 09:42
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پيرۆزبايى له‌ يه‌كێتيى نووسه‌رانى كورد ده‌كات

یادی پەنجا و شەش ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کورد به‌ گەرمى لە مەڵبەندی گشتی و تەواوی نووسەران و ڕۆشنبیرانی کوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە پيرۆز دەکەم. هیوای بەردەوامی، داهێنان و سەرکەوتنی زیاتریان بۆ دەخوازم.

لەم یادەدا، بە ڕێز و پێزانینێکی زۆره‌وه‌ لە مێژوو و خزمەتی زیاتر لە نیو سەدەی یەکێتیی نووسەرانی کورد دەڕوانین. ئه‌وان لە هەموو قۆناخە جیاوازەکانی تێکۆشاندا، بە خامە و بیریان، سەنگەرێکی پتەوی پاراستنی زمان، وێژە و ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانیی گەلی کوردستان بوون و ڕۆڵێکی كارايان لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەدا گێڕاوە.

نووسەران هەمیشە پێشەنگی چەسپاندنی بەها مرۆیییەکان و قووڵکردنەوەی کولتووری لێبوردەیی، پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن بوون. ئه‌مڕۆش چاومان لە ڕۆڵی کاریگەر و بەرپرسیارانەی نووسەرانە تاکوو بە بەرهەمە جوانەکانیان، هەوێنی تەبایی، یەکڕیزی و پاراستنی دەستکەوتە دیموکراسی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بن.

سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی نووسەرانی شەهید و هەموو ئەو نووسه‌ره‌ کۆچکردووانە دادەنەوێنین کە تەمەنیان لەپێناو خزمەتی وشەی کوردی و ئازادیدا بەخشی. یادیان هەمیشە بە خێر.

نێچیرڤان بارزانی 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان 

2026/2/10