کۆبوونەوەی ساڵانەی دەستەی گشتیی ئاسیاسێڵ لە شاری سلێمانی و بە سەرپەرشتیی فارووق مستەفا رەسوول، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکە بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا خاوەن پشکەکان بە کۆی دەنگ راپۆرتی دارایی ساڵی 2025یان پەسند کرد و رەزامەندییان دا لەسەر دابەشکردنی قازانجی نەختینەیی بە رێژەی 150%.
فارووق مستەفا رەسوول، لەبارەی ئاراستەی داهاتووی کۆمپانیاکە رایگەیاند، ئاسیاسێڵ لە ساڵی 2025دا جەختی لەسەر وەرچەرخانی دیجیتاڵی و بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد (AI) کردووەتەوە تاوەکو کواڵێتیی خزمەتگوزارییەکان بەرز بکاتەوە. ئەو گوتی :" چیدیکە داهێنان تەنیا بژاردەیەک نییە، بەڵکو بووەتە بناخەی هەموو کارەکانمان."
بەپێی راگەیێندراوێکی کۆمپانیاکە، دابەشکردنی قازانجەکان هەموو ئەو خاوەن پشکانە دەگرێتەوە کە ناویان لە تۆماری کۆمپانیاکەدا هەبێت و کاتی دابەشکردنەکەش لە داهاتوویەکی نزیکدا رادەگەیێندرێت.
ئاسیاسێڵ کە زیاتر لە 20 ملیۆن بەشداربووی هەیە و تۆڕەکەی 99.06%ی دانیشتووانی عێراق دەگرێتەوە، یەکەم کۆمپانیای مۆبایل بووە کە هەموو بەشەکانی عێراقی داپۆشیوە.
سەرچاوە: رووداو