هەنگاوە ستراتیژیەکانی نێچیرڤان بارزانی لە رێکخستنەوەی هاوکێشە ئالۆزەکان

ئایاری 8, 2026 - 22:35
هەنگاوە ستراتیژیەکانی نێچیرڤان بارزانی لە رێکخستنەوەی هاوکێشە ئالۆزەکان

حسیبە سعید گەردی

​ ئەو سەرکردەیەی هێمنی و حیكمەتی "ئیدریسی جوانەمەرگ" و پێداگریی مافە دەستووریی و نەتەوەیی "سەرۆک بارزانی" لە خاڵێکی ستراتیژیدا ئاوێتە کردووە، تا ببێتە پارێزەری هاوسەنگی و ئەندازیاری تێپەڕاندنی ئەستەمەکان.
​لە ساتەوەختێکی مێژوویی و هەستیاردا، کە عێراق لە نێوان چەقبەستووییەکی سیاسیی قووڵ، پاشماوەی قەیرانە یەک لە دوایەکەکان و ئاڵۆزیی هاوکێشە ناوخۆیی و هەرێمایەتییەکاندا گوزەر دەکات، مۆدێلێکی جیاواز و جێگیر لە سەرکردایەتی و کەسایەتیی نێچیرڤان بارزانیدا دەردەکەوێت؛ سەرکردەیەک کە توانیویەتی “کاریزمای گونجان” و “هێمنیی سیاسی” بگۆڕێت بۆ ستراتیژییەتێکی کارا و هۆشیارانە بە مەبەستی پاراستنی هاوسەنگییە سیاسی و نیشتمانییەکان. ئەم مۆدێلە، کە پشت بە کاریزمای جێگیر، عەقڵانییەتی سیاسی و متمانەی کەڵەکەبوو دەبەستێت، وای کردووە جووڵە دیپلۆماسییەکانی بەرەو بەغدا تەنیا تێپەڕبوونێکی کاتی یان سەردانێکی ئاسایی نەبن، بەڵکو ببنە وەرچەرخانێکی ستراتیژی بۆ دووبارە جێگیرکردنەوەی پێگە و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە چەقی هاوکێشەی دەسەڵات و لە لوتکەی بڕیارە سیاسییە فیدراڵییەکاندا لە سەربنەمای هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان.
هێژا ​نێچیرڤان بارزانی، وەک ئەندازیارێکی هۆشیارو هاوسەنگیی سیاسی، میانڕەوی نەک وەک هەڵوێستێکی بەرگری یان تاکتیکێکی کاتی، بەڵکو وەک "ئامرازێکی سەرکردایەتی و فەلسەفەیەکی حکومڕانی" بەکاردێنێت؛ بۆ کەمکردنەوەی گرژی و ململانێ، پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان و بەڕێوەبردنی ژیرانەی سنوورە هەستیارە سیاسییەکان. ئەم توانای کۆکەرەوەیی و ئاراستەکردنی گفتوگۆیە، کە ڕەنگدانەوەی ڕاسپاردەکانی "سەرۆک مەسعود بارزانی" و قورسایی مێژوویی پارتیی دیموکراتی کوردستانە، توانیویەتی لوتکەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و جەمسەرە جیاوازە سیاسییەکان لەسەر یەک مێزی گفتوگۆ کۆبکاتەوە و زمانێکی هاوبەش بۆ تێپەڕاندنی بنبەستەکان بخوڵقێنێت.
​میراتگری ئاشتی بە زمانی “بەرپرسیارێتیی هاوبەش” و بە گۆڕینی هاوکێشەی ململانێ بۆ چوارچێوەی بەرژەوەندیی هاوبەش، توانیویەتی بێ متمانەیی نەهێڵێت، دووبارە متمانە  بگەڕێنێتەوە و تەنانەت توندترین نەیارەکانیش بەرەو لێکتێگەیشتن و هەماهەنگی ڕاپێچ بکات. لە چوارچێوەی ئەم دیدگایەدا، دیپلۆماسی لای ئەو تەنیا هونەری گفتوگۆ نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی درێژخایەنە بۆ بونیادنانی “هاوبەشیی ستراتیژی” و پاراستنی "سیستمێکی فیدراڵ"ە کە بەردەوام لە مەترسیی لەرزۆکی و ئاڵۆزییەکاندا دەژی.
​سەردانی ئەم دواییە بۆ بەغدا، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە هێزی ڕاستەقینە لە دروشمی بریقەدار، هەڵچوونی میدیایی و پۆپۆلیزمە کاتییەکانەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو لە “ئابووریی متمانە” و ئەو سەرمایە سیاسییەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە ڕێگەی بونیادنانی پردە پۆڵایینەکانی لێکتێگەیشتن، هاوکاری و دیالۆگی بەردەوامەوە دروست دەبێت. بە کاریزماییان  توانیویەتی ئەو تێگەیشتنە بچەسپێنێت کە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هێزی یەکەم، تەنیا لایەنێکی سیاسی نییە، بەڵکو "داینەمۆ و ستوونی سەرەکیی" سەقامگیری، هاوسەنگی و ئارامیی سیاسییە لە ناوچەکەدا.
سەرۆک ​نێچیرڤان بارزانی بە عەقڵانییەتێکی سیاسی و دیپلۆماسییەکی نەرم و کارا، توانیویەتی قەوارەی هەرێم و مافە دەستوورییەکانی نەک وەک "وێستگەیەکی کاتی"، بەڵکو وەک "ئیستحقاقێکی مێژوویی و بنەمایەکی نەگۆڕی" سیستمی فیدراڵیی عێراق بپارێزێت. هەروەها هەوڵیداوە هاوکێشەی نێوان هەرێم و بەغدا لە بازنەی قەیرانە بەردەوامەکانەوە بگوازێتەوە بۆ ئاستێکی پێگەدارتر لە هاوبەشی و هاوکاریی نیشتمانی.
​لە کۆتاییدا، ئەم نەخشەڕێگەیە ئەوە دەسەلمێنێت کە لەناو زریانە سیاسییە ئاڵۆزەکاندا، ئەو هێزەی دەتوانێت کەشتیی سیاسەت بگەیەنێتە کەناری ئارامی و جێگیری، "ژاوەژاوی سیاسی و دروشمی کاتی" نییە؛ بەڵکو وردبینی، ئاسۆی دووربین، توانای دروستکردنی متمانە و “ئەندازیاریی هاوسەنگی”یە، کە نێچیرڤان بارزانی بە لێهاتوویی و ئارامییەکی جێگیر ڕێبەرایەتیی دەکات.